ئەو 10 گەنجەی لە قەسرێ لەسەر خۆپێشاندان دەستگیرکرابوون، ئازادکران

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی چوارشەممەی رابردوو ژمارەیەک گەنج بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە رێگەی نێوان قەسرێ و دۆڵی باڵەییان گردبوونەوەیان ئەنجامدا و ئاسایشی ناوچەکە 10 کەسی لێ دەستگیرکردن. کەسوکاری یەکێک لە دەستگیرکراوەکان دەڵێت: سەرجەمیان ئازادکراون.
 
سەباح وەڵاشی، بەرپرسی بنکەی ئاسایشی قەسرێ هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی پشتڕاستکردەوە و گوتی: هەموویان ئازادکراون و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە. 
 
عومەر مستەفا، باوکی یەکێک لە ئازادکراوەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای پێنج رۆژ لە دەستگیرکردنیان ئێوارەی ئەمڕۆ هەر 10 گەنجەکەی سنووری ناحیەی قەسرێ ئازادکران کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لەسەر خۆپێشاندان دەستگیرکراوبوون.
 
شارۆچکەی قەسرێ سەر بە قەزای چۆمانە و بە دووریی 155 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر.
 
بەگوتەی عومەر مستەفا، ئەوانەی دەستگیرکرابوون تەمەنیان لە خوار 17 ساڵ بووە و دەشڵێت "کوڕەکەی من ناوی سەربەستە و تەمەنی 17 ساڵە."
 
بەگوتەی باوکی سەربەست، ئەوانەی ئازادکراون هیچ ئەشکەنجە نەدراون و تەنیا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دا کردوون. 
 
ماوەیەک بوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەروەها سنووری شارۆچکەی قەسرێی سەر بە قەزای چۆمان خۆپێشاندان کرا و لە بەشێک لە خۆپێشاندانەکانیش گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
 
گوڵیستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، کە تاوەکو ئێستا 10 کەس بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە کوژراون و 60 کەسیش برینداربوون. هەروەها ژمارەیەک گەنجیش دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستا ئازادنەکراون.