راوکردنی هەڵۆ لە حەسەکە؛ نرخی هەندێکیان تاوەکو 100 ملیۆن لیرەیە
رووداو دیجیتاڵ
بازاڕی كڕین و فرۆشتنی هەڵۆ لە بەشێکی زۆری وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت لە وڵاتانی كەنداو بازاڕێکی گەرمە، هەندێک لە شێخە عەرەبەكان دەچنە بیابانە دوورەكان و هەندێكجار تاوەكو پاكستان دەڕۆن بۆ راوكردنی باڵندە و ئاژەڵی دەگمەن.
ساڵانە لە مانگی ئەیلوول تاوەكو مانگی كانوونی یەكەم راوچییەكانی پارێزگای حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان راوكردنی باڵندەی هەڵۆ دەستپێدەكەن.
حەمید راوچییە و دەڵێت، "لەسەرەتای مانگی ئەیلوول هەڵۆكان لە چیاكانی ئەفغانستان، پاكستان و رووسیا بەرەو ناوچە گەرمەكان كۆچ دەكەن، لەو نێوەندەدا راوچییەكان هەوڵەكانیان بۆ راوكردنیان دەستپێدەكەن، سوپاس بۆ خوا منیش ئەو هەڵۆ فارسییە نایابەم راوكرد".
ئەو راوچییانەی رۆژئاوای کوردستان ئەزموونێکی زۆریان هەیە، زۆربەی باڵندەكان لە ئێرانەوە بەرەو ناوچە گەرمەكان كۆچ دەكەن، كە بەنرخترین و نایابترینی هەڵۆیان تێدایە لەوانە هەڵۆی فارسی، راوچییەكانیش فێڵی جۆراوجۆر بەكاردەهێنن بۆ راوكردنیان
عەبدولڕەزاق نایف راوچییەکی دیکەیە لە حەسەکە و باس لەوە دەکات، "كۆترێكی كێویمان بەكارهێنا بۆ راوكردنی هەڵۆکە، كاتێك ویستی كۆترەكە بگرێت كەوتە نێو تۆڕەكەوە، هەڵۆیەکی فارسی زۆر نایاب بوو، پێنج ساڵ جارێك دەبیندرێت، زۆر بەدەگمەن ئەو جۆرە هەڵۆیانە راودەكەین، هەندێك لە كڕیاران 71 ملیۆن لیرەیان داوە، بەڵام رەتمانكردووەتەوە، چونكە پێمانوایە 100 ملیۆن دەكات".
وەرزی راوکردنی هەڵۆ ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول دەستپێدەكات و تاوەكو ناوەڕاستی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت، بەو پێیەی باڵندەكان لە رووسیا، ئێران و باكووری عێراق بە سووریادا تێدەپەڕن و دەچنە باكووری رۆژهەڵاتی ئەفریقا و كەنارەكانی دەریای سوور، لە ناوەڕاستی ئاداریش تاوەكو ناوەڕاستی نیسان بەرەو شوێنەكانی خۆیان دەگەڕێنەوە. ئەو هەڵۆیانەی راوچییەکان راویان دەکەن نرخێکی خەیاڵی و زۆر لە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی باڵندە دەکەن، بە تایبەت لە وڵاتانی کەنداو خواستێکی زۆریان لەسەرە.