شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە سەردانی بەغدا دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقافی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە نزیکترین کاتدا" شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بابەتی دارایی و مووچە سەردانی بەغدا دەکاتەوە.
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، پشتیوان سادق گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خەمی مووچەخۆراندایە و هەموو هەوڵی خۆمان بۆ دابینکردنی مووچە دەدەین." 
 
وەزیری ئەوقافی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو مووچانەی تاوەکو ئێستا نەدراون و دواکەوتوون باسی لەوەکرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران بە فەرمی داوایان لە عێراق کردووە ئەو مووچانەی نەیانناردووە بینێرن تاوەکو لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دابەشی بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا [عێراق] وەڵامیان نەداوەتەوە.
 
لەبارەی دڵنیابوونەوەی مووچەخۆران لە مووچەکانیان لە ساڵی داهاتوودا پشتیوان سادق جەختی کردەوە، کە بە ئومێدەوە دەڕوانن کە لە ساڵی ئایندەدا کێشەی مووچە چارەسەر ببێت چونکە ئەوە مافی هاووڵاتییانە و ئەرکی حکومەتیشە هەموو بەرگرییەک لە مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات.
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نزیکەی 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە، پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.
 
هاوکات، ئەمڕۆ چوارشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لەبارەی هۆکارەکانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران و دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، کرد، لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆکانی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر دۆخی کارەبا پشتیوان سادق دەڵێت، "خەڵک مافی خۆیەتی داوای کارەبا بکات و ئەرکی حکومەتە کارەبا دابین بکات و بە هاوکارانی خەڵکی کوردستان، بەپێی پرۆسەیەکی هونەریش لە ئایندەدا بارودۆخی کارەبا باشتر دەبێت."