نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی فەرەنسا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە فرانسوا بایرو، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی فەرەنسا دەکات و رایگەیاند: "لهو بڕوايهدام پەیوەندییە مێژوویيیەکانی نێوان هەردوولامان لە گەشەکردن و پێشکەوتن بەردەوام دهبن."
رۆژی هەینی 13-12-2024، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە پیرۆزبایی لە فرانسوا بایرو کرد کە ئەمڕۆ لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنساوە راسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی فەرەنسا.
فرانسوا بایرو، سیاسەتڤانێکی فەرەنسیی 73 ساڵانە. لە ساڵی 1990 وەزیری پەروەردە و لە ساڵی 2017 وەزیری داد بووە. هاوپەیمانێکی نزیک لە ئیمانوێل ماکرۆنە. سێ جار خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەڵبژاردووە، بەڵام دەرنەچووە.
لە پەیامی پیرۆزباییەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی هیوای سەرکەوتن لە ئەرک و بەرپرسیارێتی بۆ بایرو دەکات دەڵێت، "پابەنديی ههرێمى كوردستان بۆ بەهێزکردنی هاريكاريى نێوانمان لە هەموو بوارەکاندا دووپاتدەکهمەوە بە شێوەیەک کە خزمەت به ئامانجه هاوبهشهكانمان بکات."
بایرو، شەشەم سەرۆکوەزیرانی کابینەکەی ماکرۆنە، تەنیا لە ساڵی 2024دا، فرانسوا چوارەم سەرۆکوەزیرانی فەرەنسایە دەستنیشان بکرێت. سەرۆکوەزیرانی پێشوو تەنیا 91 رۆژ لە پۆستەکەیدا مایەوە.
"لهو بڕوايهدام پەیوەندییە مێژوویيیەکانی نێوان هەردوولامان لە گەشەکردن و پێشکەوتن بەردەوام دهبن." سەرۆکی هەرێمی کوردستان وای گوت.
کاری لەپێشینە و یەکەم تاقیکردنەوەی سەرۆکوەزیرانە تازەکە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی فەرەنسا و تێپەڕاندنی یاسای بوودجەی 2025 دەبێت.
وا چاوەڕواندەکرێت،سەرۆکوەزیرانە نوێیەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا لیستی وەزیرەکانی کابینەکەی پێشکێشی پەرلەمان بکات. بەڵام بەهۆی پەرلەمانی هەڵواسراوی وڵاتەکەوە، کارەکەی ئاسان نابێت.
مارین لی پێن، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی فەرەنسا داوای لە سەرۆکوەزیرانە تازەکە کرد، لەگەڵ پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان گفتوگۆ بکات بۆ ئەوەی "بوودجەیەکی گونجاو و ژیرانە" تێپەڕێندرێت.