دەرهێنەر تەڵعەت سامان بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

رووداو - هەولێر

ئەمڕۆ ئێوارە لە رووداوێكی هاتووچۆدا لە رێگەی پیرمام- هەولێر، تەڵعەت سامان، هونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ و دراما گیانی لەدەستدا.

تەڵعەت سامان، کە خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازەی هونەری شانۆ و درامایە، ئەمڕۆ 14-1-2019 لە تەمەنی 74 ساڵیدا بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا.

دەرهێنەر کۆمەڵێک بەرهەمی شانۆیی وەکو "شاری ئەوین، مەم و زین، حەمەدۆك، قەڵای دم دم، خانزادێكی تر، ئەفسانەی چیای ئاگری، نەفرەتلێكراو" هەبووە.

لەگەڵ ئەوەشدا تەڵعەت سامان خاوەنی چەندین بەرهەمی زنجیرە دراما بووە. هەروەها  كاری نووسین و دەرهێنانی بۆ كردوون، كە دیارترینیان "كەوەكانی قەرەچووغ، فەقێ ئەحمەدی دارە شمانە، تەلاری مەزن" بوون.

تەڵعەت سامان لە ساڵی 1945 لە هەولێر لەدایکبووە. ساڵی 1991 بووەتە سەرۆكی یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان. هەروەها سەرۆكی هونەر و وێژەیی كورد بووە، لە ساڵی 1992 گرووپی شانۆی سامان-ی دامەزراندووە.