د. مورشید خەزنەوی: لەم شەڕەدا شکستمان هێنا، بەڵام شەڕی گەورەی ئازادیمان بەردەوامە

 
رووداو دیجیتاڵ

د. مورشید خەزنەوی دەڵێت، "دەبێت گەلی ئێمە هۆشیار بن و رێگە نەدەن دووژمن فرمێسکی چاومان ببینێت." ئاماژە بەوەش دەکات، "شەڕی گەورەمان لەپێناو ئازادی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەش بەردەوامە."
 
د. مورشید خەزنەوی، کەسایەتیی ئایینی رۆژئاوای کوردستان، لە ستۆدیۆی ناوەندیی رووداوەوە بووە میوانی بووڵتەنی تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان و باسی دۆخی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەبی کرد.
 
ئەو کەسایەتییە ئایینییە داوای لە کورد کرد، هۆشیارتر بن و گوتی، "ئێمە لە شەڕێکدا شکستمان هێنا، ئەمە ئاساییە و دەکرێت، بەڵام دەبێت گەلی ئێمە هۆشیار بن و رێگە نەدەن دووژمن فرمێسکی چاومان ببینێت، خەمی شەهیدبوونی رۆڵەکانمان بە ژانە و من ئەو ئازارەم چەشتووە، بەڵام دەبێ فرمێسکی چاوانمان بسڕین. راستە ئێمە لەو شەڕەدا شکستمان هێنا، بەڵام شەڕی گەورەمان لەپێناوی ئازادی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەشدا بەردەوامە، خەباتی گەلی ئێمە بەردەوامە".
 
خەزنەوی هەروەها جەختی لەسەر ئەو شکستە کردەوە کە کورد لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە رووبەڕووی بووەوە و گوتی، "وەکو مامۆستایەکی ئایینی دەڵێم، پێغەمبەر سەلامی خوای لەسەر بێت، لە شەڕی ئوحود شکستی هێنا. ئەگەر وەکو کوردێکیش بەبیرتان بهێنمەوە، شێخ سەعید لە شۆڕشەکەیدا شکستی هێنا. پێشەوا قازی محەممەد کە سەرۆکی یەکەمین کۆماری کوردستان بوو، شۆڕشەکەی شکستی هێنا. بارزانیی نەمر، بووە کۆچبەر. پێویستە تەواوی ئەم نموونانە لەبەرچاوتان بن. لێرەدا من ناڵێم ئێوە لەبیری بکەن و هیچ خەمتان نەبێت، بەڵام گەلی ئێمە لەسەریەتی دووبارە هەڵبستێتەوە سەر پێ و درێژە بە کارەکانی بدات."
 
د. مورشید خەزنەوی هەروەها شەهیدانی کوردی بە جیاواز لە شەهیدانی ئاسایی وەسفکرد و گوتی، "نەکەن بێ هیوا بن. با هەریەک لە لای خۆیەوە لە هەوڵ و کۆششی بەردەوام بێت بۆئەوەی دەستکەوتێک بۆ گەلی کورد بەدەستبهێنێت. ئەگەر ئەوان بە هەزاران لە ئێمە بکوژن، لە سروودی ئەی رەقیب ئاماژەدراوە کە کورد زیندووە و نامرێت."
 
لەبارەی ئەو سووکایەتییانەی بە شەڕڤانان کرا، خەزنەوی گوتی، "نابێت سووکایەتیی گرووپێکی چەتە بە شەهیدان و شەڕڤانانی ئێمە، بمانشکێنێت. با ئەمانە ببنە تۆپەڵە ئاگرێک و لەڕێیەوە درێژە بە کارەکانتان بدەن. ئێوە بەنزین لەسەر برینەکانتان رۆبکەن و دەستپێبکەنەوە، بۆ ئەوەی بگەنە مافی خۆتان."
 
سەبارەت بە هەڵدانەخوارەوەی تەرمی شەڕڤانێک لە باڵەخانەوە؛ بەتایبەتی کە بەشێک لە خەڵک لەسەر ئەو دیمەنانە قسە و رەخنەکانیان ئاراستەی ئایینی ئیسلام دەکەن، د. مورشید خەزنەوی گوتی، "ئەو سووکایەتییە وێنای ئەو چەتە و دڕندانە دەکات و هەرگیز نوێنەرایەتیی ئایینی ئیسلام ناکات. ئایینی ئیسلام رێگە بەو کارە پیس و چەپەڵانە نادات. ئەمە فەرموودەی پێغەمبەریشی لەسەرە. جا با گەنجی ئێمە ئاگادار بن کە ئەمە پەیوەندیی بە بیر و باوەڕی ئیسلامەوە نییە. ئەوانەی ئەمە بۆ ئایینی ئیسلام دەگەڕێننەوە، لەسەر رێگەیەکی هەڵەن. پێویستە خەڵکی ئێمە بزانن ئایینی ئیسلام لەپشت ئێوەیە نەوەک لەگەڵ ئەو چەتە و وەحشییانە بێت."
 
هەروەها جەختیکردەوە، شوێن و پێگەی کورد لەنێو ئایینی ئیسلام زۆر جێگیرە و گوتیشی، "زۆر جار نەتەوەی دیکە ئایینی ئیسلام بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاردەهێنن."
 
خەزنەوی هۆشداریی دا، هەوڵێک لە رۆژئاوای کوردستان هەیە بۆ دروستکردنی دووژمنداری لەنێوان کورد و عەرەب، یانیش کورد و نەتەوەی دیکە. لەمبارەیەوە جەختیکردەوە کە کورد دژی هیچ پێکهاتە و لایەنێک نییە، بەڵکو دژی ئەوانەیە کە هێرشی دەکەنەسەر.
 
هەروەها ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە زۆر جار کەناڵەکانی سەر بە دووژمن، کورد بە "مولحید و کافر" وەسف دەکەن، هەر ئەمەش بووە دەستپێکی شەڕی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە.