بەفر رێگەی 3139 گوندی لە 10 پارێزگای باکووری کوردستان داخستووە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگاکانی وان، بەدلیس، مووش، جۆلەمێرگ، ئەرزەڕۆم، خارپێت، ئەردەخان، ئاگری، قەرس و دێرسمی باکووری کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2026، بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی سێ هەزار و 139 گوند داخران.
 
دوو هەفتەیە سەرمایەکی سەخت رووی لە باکووری کوردستان کردووە و هاونیشتمانیان لە ژیانی رۆژانەیاندا رووبەڕووی سەختی بوونەتەوە.
 
گەورەشارەوانیی وان رایگەیاند، لە پارێزگاکە بەهۆی بەفر و کڕێوەوە رێگەی 296 گوند داخراون. تیمەکانی گەورەشارەوانیی وان بۆ راماڵینی بەفر و کردنەوەی رێگەکان لە کارەکانیان بەردەوامن.
 
لە شارۆچکەی ئەردیش بەفربارین بەردەوامە و ناوەندی شارۆچکەکەی سپیپۆش کردووە.
 
لە پارێزگای جۆلەمێرگ ماوەی دوو رۆژە بەفربارین بەردەوامە و بەهۆی داخستنی رێگەکانەوە هاونیشتمانیان رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە. 
 
ئیدارەی جۆلەمێرگ رایگەیاند، لە جۆلەمێرگ و شارۆچکەکانی بەهۆی بەفرەوە رێگەی 223 گوند داخران و تیمە پەیوەندیدارەکان بۆ کردنەوەی رێگەکان لە کارەکانیان بەردەوامن. 
 
ئومێد کورتکان، بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی رێگەوبان و گواستنەوەی ئیدارەی تایبەتی بەدلیس رایگەیاند، لە سەرانسەری پارێزگاکەدا بەهۆی بەفرەوە رێگەی 229 گوند داخران. کارکردن بۆ کردنەوەی رێگەکان بەردەوامە. لە ناوەندی شاری بەدلیسیش تیمەکانی شارەوانی و تیمەکانی رێگەوبان، رێگە و شەقامەکان پاکدەکەنەوە.
 
شێخموس یەنتور، سکرتێری گشتیی ئیدارەی تایبەتی مووش رایگەیاند، لە پارێزگاکە بەهۆی بەفرەوە رێگەی 264 گوند داخران. یەنتور گوتی، تیمەکانیان لە هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی رێگەکان بەردەوامن.
 
لە ئەرزەڕۆم، بەهۆی بەفربارین و کڕێوەوە رێگەی 709 گوند داخران. تیمەکانی گەورەشارەوانی ئەرزەڕۆم، بۆ کردنەوەی رێگە داخراوەکان بەردەوامن لە کارەکانیان.
 
لە ئەردەخان رێگەی 60 گوند، لە ئاگری رێگەی 413 گوند، لە قەرس رێگەی 200 گوند، لە خارپێت ریگەی 536 گوند و لە دێرسم رێگەی 209 گوند بەهۆی بەفربارین و کڕێوەوە داخراون.
 
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تایبەتی پارێزگاکان، بۆ کردنەوەی رێگەکان دەستیان بە کارەکانیان کردووە.