ئەنجوومەنی وەزیران: دەبێت بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دوایین سەرژمێری دیاری بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا دەکات بۆ ساڵی دارایی داهاتوو، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵ بەپێی رێژەی دانیشتووان کە لە دوایین سەرژمێری 14% بووە، دیاری بکرێت. هاوکات جەخت دەکاتەوە دەبێت مووچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی رابردوو خەرج بکرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە (14-1-2026)، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران یەکەمین کۆبوونەوەی ساڵی نوێی ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری راپۆرتێکی وردی لەبارەی داهات و خەرجییەکانی ساڵی 2025 و پێشبینییەکان بۆ 2026 خستەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە "پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەردوو مووچەی مانگی یازدە و دوازدەی 2025 و مووچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی 2023 و 2024 خەرج بکات، کە بەبێ هیچ بیانوو و هۆکارێکی یاسایی ناردنیان راگیراوە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە بەپێی دوایین سەرژمێریی عێراق کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە ئەنجامدرا، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 14%ـە، بۆیە "دەبێت بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی داهاتوودا بەپێی ئەو رێژەیە دیاری بکرێت."
سەبارەت بە دۆسیەی نەوتیش، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان داتا و زانیارییەکانی خستەڕوو و ئاماژە بەوە کرا کە لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2025 رێککەوتنی سێقۆڵیی هەناردەکردنی نەوت بە سەرکەوتوویی جێبەجێکراوە و رۆژانە بە تێکڕا 220 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ کراوە.
ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەی دانوستاندنی راسپارد کە چوارچێوەی دەستووری و یاسایی بۆ رێکخستنەوەی بابەتی بودجە و شایستە داراییەکان ئامادە بکەن، تاوەکو بکرێتە بنەمای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی فیدراڵ.
دەقی راگەیێندراوەکە:
ئەمڕۆ چوارشەممە 1/14، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یەکەمین کۆبوونەوەی ساڵی نوێی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی پوختەی دۆخی دارایيی ساڵی 2025 کرا و بارودۆخی دارایيی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایيی 2026 و کارکردن بۆ خەرجکردنی مووچە دواکەوتووەکانی هەرێم و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایيی حکومەتی فیدراڵەوە، تاووتوێ کرا.
لەمبارەیەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ڕاپۆرتێکی ورد و پڕ لە زانیاریی دۆخی دارایی خستەڕوو سەبارەت بە داهات وخەرجیەکانی ساڵی دارایی 2025 و پێشبینی و ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی دارایی 2026.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەردوو مووچەی مانگی یازدە و دوازدەی 2025 و مووچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی 2023 و 2024 خەرج بکات کە بێ هیچ بیانوو و هۆکارێکی یاسایی و دەستووریی نەیناردوون، چونکە مووچە مافی یاسایی وشایستەی مووچەخۆرانی هەرێمە و حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان دەستبەرداریان نابێت، هەروەک دادگای باڵای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردەوە کە پێویستە بابەتی مووچە تێکەڵی ناکۆکییەکان نەکرێت ، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە، ڕێكکەوتنامەی سێ لایەنی هەناردەی نەوتی جێبەجێکردووە و ڕۆژانە بە تێکڕایی 220 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانیی فرۆشراوە و داهاتەکەی بە کاش لە گەنجینەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، وەک داهاتی کۆتایی تۆمارکراوە، ئەمە سەرەڕای ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان و ڕەوانەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەڵام سەڕەڕای هەموو ئەمانەش ، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، هیچ پارەیەکی لە تەرخانکراوەکانی هەرێم بۆ خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان لە یاسای بودجەی عێراق خەرج نەکردووە، هەرچەندە تەرخانی داراییش هەبووە.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها دووپاتی کردەوە کە بۆ ساڵی دارایيی داهاتوو، دەبێت لە یاسای بودجەی فیدڕاڵیی حكومەتی فیدراڵ، بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکرێت و وەزارەتی دارایيی فيدراڵ پابەند بکرێت کە بەشەبودجەی هەرێم بنێرێت وەک هەرێمێکی دەستووری و فیدراڵی کە بە پێی دوایین سەرژمێريی عێراق کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە ئەنجامدرا، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم زیاتر لە 14 ٪ ە و دەبێ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە پێی ئەو ڕێژەیە دەستنیشان بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی بەرەوپێشچوون و بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی سێ لایەنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا کە لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2025 ، بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ کراوە و ڕێککەوتنەکەش بەردەوامە و نوێش کراوەتەوە.
لەم ڕووەوە، کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان ، داتا و زانیاری پێویستی لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەکراو و داهاتی بەدەستهاتووی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی دانوستانی ڕاسپارد ، چوارچێوەی دەستووریی و یاسایی و دارایی بۆ ڕێکخستنەوەی بابەتی بوودجە وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پشت بە ماف ودەسەڵاتە دەستووریەکانی هەرێم ئامادە بکات و بکرێتە بنەمای گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدڕاڵ و لە ئێستاشەوە، لیژنەی دانوستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیرە کوردەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کاربکەن لە پێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و بە تایبەتیش مووچە و شایستەداراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم.
هەروەها هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەکان و شاندی دانوستانکار ڕاسپێردران کە بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی پابەندییەکان و هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ حکومەتی فیدڕاڵیی نەهێڵنەوە بۆ دواخستنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.