بەهۆی بەفر و سەرماوە لە زۆربەی پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیا پشوو راگەیێندرا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئەوەی شەپۆلیکی بەفربارین زۆربەی پارێزگاکانی گرتەوە و ئەمڕۆش بەفربارین چاوەڕوانکراوە، لە 16 پارێزگای باکووری کوردستاندا ئەمڕۆ چوارشەممە 14-01-2026 بۆ بەشێکی زۆری خوێندنگەکان کرایە پشوو.
شرنەخ
لە راگەیێندراوێکی پارێزگای شرنەخدا هاتووە، بەهۆی بەفربارینی زۆر و شەختەوە لە ناوەندی شار و هەریەک لە شارۆچکەکانی ئەلکێ و قلەبان؛ رۆژی چوارشەممە 14-1-2026 رۆژی پشوو دەبێت بۆ دایەنگە، باخچەی منداڵان، قوتابخانەی بنەڕەتی، ناوەندی و ئامادەییەکان، سەنتەرەکانی مەشقی پیشەیی و ناوەندەکانی دیکەی خوێندن و راهێنان.
هەروەها راگەیێندراوە فەرمانبەرانی دووگیان، خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و ئەو دایکانەی منداڵەکانیان لە دایەنگە و باخچەی منداڵانن، بۆیان بە مۆڵەت هەژمار دەکرێن.
دێرسیم
پارێزگای دێرسیم رایگەیاند، بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و لەپێناوی پاراستنی خەڵک لە مەترسی، لە سەرانسەری پارێزگاکەدا پڕۆسەی خوێندن بۆ ماوەی یەک رۆژ رادەگیرێت و رۆژی چوارشەممە پشووە. بەگوێرەی بریارەکە ئەم پشووە زانکۆ ناگرێتەوە.
فەرمانبەرانی دووگیان و خاوەن پێداویستیی تایبەت و ئەو دایکانەی منداڵیان لە دایەنگەیە، ئەو رۆژەیان بۆ بە مۆڵەت هەژمار دەکرێن.
ئەرزینگان
پارێزگای ئەرزینگان رایگەیاند، بەهۆی شەختە و بەستەڵەکەوە، رۆژی چوارشەممە لە سەرانسەری پارێزگاکەدا لە قوتابخانەکان، سەنتەرەکانی راهێنان و خولەکانی قورئان دەکرێتە پشوو.
وان
لە شارۆچکەی باخچەسەرای بەهۆی بەفری زۆر و تەم و مژەوە خوێندن بۆ ماوەی رۆژێک راگیرا. لە قەزاکانی مورادیە، چاڵدێران، ئەلباک (باشکالە) و چاتاکیش خوێندن بۆ یەک رۆژ راگیرا.
مەڕەش
لە شارۆچکەکانی ئەکینۆزو و گۆکسون بەهۆی بەفربارینی چڕەوە خوێندن راگیرا و فەرمانبەرانی دووگیان و خاوەن پێداویستیی تایبەت مۆڵەتیان پێدرا.
مەلەتی
لە شارۆچکەکانی ئەکچاداخ، عەرەبگیر، ئارگوڤان، پوتورگە، کولونجاک و دۆغانشەهیر بەهۆی بەفربارینەوە رۆژی چوارشەممە کرایە پشووی خوێندن.
سێواز
لە پێنج شارۆچکەی سێواز بە بڕیاری لیژنەی تەندروستی، بەهۆی شەختە و مەترسیی رووداو، رۆژی چوارشەممە بەسێک لە خوێندنگەکان خرانە پشوو.
قەرس
پارێزگای قەرس رایگەیاند، بەهۆی بەفربارین و بەستەڵەکەوە خوێندن لە سەرانسەری پارێزگاکەدا راگیراوە.
زیا پۆڵات، پارێزگاری قەرس لە پەیامێکی کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاویکردەوە، بۆ قوتابیانی نووسیوە: "منداڵە خۆشەویستەکان، پێش ئەوەی رۆژی هەینی کارتی نمرە وەربگرنەوە، پشوویەکی کورتمان پێ دان. چێژ لە بەفرەکە وەربگرن و ئاگاداری خۆتان بن، سەرماتان نەبێت."
ئەردەخان
لە سەرانسەری پارێزگاکە و زانکۆی ئەردەخانیش بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە رۆژی چوارشەممە کرایە پشوو.
چەولیک
لە شارۆچکەکانی کانی رەش، ئەداکلی، گێخی و یەدیسو بەهۆی بەفری زۆرەوە خوێندن بۆ یەک رۆژ راگیرا و فەرمانبەرانی دووگیان و نەخۆشیش مۆڵەتیان پێدرا.
ئەرزرۆم
لە ناوەندی پارێزگاکە و 10 شارۆچکەدا بەهۆی بەفری چڕەوە بۆ ماوەی یەک رۆژ پڕۆسەی خوێندن راگیرا.
جۆلەمێرگ
پارێزگای جۆلەمێرگ رایگەیاند، خوێندن لە ناوەندی شار بەردەوام دەبێت، بەڵام بەهۆی مەترسیی هەرەسی بەفر، ئەو قوتابیانەی لە گوندەکانەوە بە پاس دەگوازرێنەوە و ئەو قوتابیانەشی رێگەیان لێ دەگیرێت، بە مۆڵەت بۆیان هەژمار دەکرێن.
سەمسوور
لە شارۆچکەکانی چێلیکهان، گەرگەر و سینجیک بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە خوێندن لە هەموو ناوەندەکاندا کرایە پشوو.
خارپێت
بەهۆی بەستەڵەک و شەختەوە، لە ناوەند و حەوت شارۆچکەی دیکەی خارپێت خوێندن راگیرا.
ئاگری
پارێزگای ئاگری رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ناوچەکەمان چاوەڕێی شەپۆلیکی دیکەی چڕی بەفر دەکات، خوێندن لە سەرانسەری پارێزگاکەدا بۆ ماوەی یەک رۆژ کە ئەمڕۆ چوارشەممە دەگرێتەوە، راگیراوە.
بەدلیس
پارێزگای بەدلیس رایگەیاند، بەهۆی پێشبینیی بەفربارینی زۆر و بۆ پاراستنی گیانی قوتابیان، لە سەرانسەری پارێزگاکەدا پڕۆسەی خوێندن لە گوندەکاندا بۆ ماوەی یەک رۆژ کرایە پشوو.