پارتی رێبەر ئەحمەد بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بەربژێربوونی رێبەر ئەحمەدی بۆ سەرۆککۆماری عێراق راگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە 14-02-2022 مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "دوای ئەو پێشهاتە سیاسی و كۆسپ و تەگەرانەی خرانە بەردەم هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق و، لەپێناو بەردەوامبوونی هەنگاوە دەستوورییەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق"، رێبەر ئەحمەدیان بەربژێر کردووە بۆ ئەو پۆستە.
پێشتر سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێبەری ئەحمەد خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەربژێرکردووە.
سەرچاوەیەکی دیکە لە پەرلەمانی عێراق هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە کە رێبەر ئەحمەد خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە.
دوێنێ یەکشەممە 13-02-2022 دادگەی فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بەربژێربوونی هۆشیار زێباری رەتبکاتەوە، تاوەکو ئەو کاتەش هۆشیار زێباری تاکە بەربژێری پارتی بوو، بەڵام ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە بڕیاردراوە کە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکەن.
رۆژی دووشەممە 7ی شوبات ماوەی دەستووری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بەبێ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ کۆتاییهات، رۆژێک دواتر پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە رۆژی چوارشەممەوە 9ی شوبات جارێکی دیکە دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەکرێتەوە.
رێبەر ئەحمەد لە ساڵی 2020ـەوە وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و تاکە بەربژێری پارتییە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ناوی تەواوی رێبەر ئەحمەد خالیدە و خەڵکی گوندی هەرنێیە و ساڵی 1968 لەدایکبووە.
بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری مەدەنی لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە، دواتر بڕوانامەی ماستەری لە ئاسایشی نەتەوەیی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
لە ساڵانی 2000 تاوەکو 2005 بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانی رێکخراو لە بەرگریی سەر بە دەزگای پاراستن بووە. دواتر لە ساڵانی 2005 تاوەکو 2012 بەڕێوەبەری شیکاریی هەواڵگریی ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستان بووە. لە ساڵانی 2012 تاوەکو 2018ـش سەرۆکی بەشی هاوئاهەنگیی هاوبەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بووە.
وەکو نەریتێکی سیاسی دوای ساڵی 2005 پۆستی سەرۆککۆمار دراوەتە کورد. لەو کاتەشەوە تاوەکو ساڵی 2018 بەپێی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی پۆستەکە دەدرایە یەکێتی، بەڵام لەو ساڵەدا پارتی بەربژێری بۆ ئەو پۆستە هەبوو و لە هۆڵی پەرلەمانی عێراق رکابەرییەکە لە بەرژەوەندیی یەکێتی یەکلاییکرایەوە.
بەپێی دەستووری فیدراڵیی عێراق، دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا لە دوای بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان سەرۆککۆماری نوێ هەڵبژێردرێت، پێشتر پەرلەمانی عێراق لە 8ی مانگی یەکی رابردوو تاوەکو 7ـی ئەم مانگەی بۆ ئەو مەبەستە دیاریکردبوو.
ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەبارەی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و شێوازی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت رێگر بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لەو وادەیەی کە پێشتر پەرلەمان بۆی دیاریکردبوون، بۆیە رۆژی دووشەممە وادەکە کۆتاییهات بەبێ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت سەرۆککۆماری نوێ هەڵبژێرێت.