سەرەڕای زۆریی رێژەی بەفر و باران، مەترسیی وشکەساڵی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە


رووداو دیجیتاڵ

ئەو بڕەی بارینی بەفر و باران لە چەند هەفتەی رابردوودا کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان باریوە، لەم ساڵانەی دواییدا کەموێنە بووە. بەڵام هێشتا مەترسییەکان لەسەر کێشەی کەمی ئاو بەردەوامن.
 
ئارش ئاریا نەژاد، بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئاوە ناوچەییەکانی پارێزگای سنەیە و دەڵێت، "ناوچەی ئێمە لە ناوچەیەکی جوگرافیای وشک و نیوە وشکدا هەڵکەوتووە، بۆیە ناوە ناوە وشکەساڵی و فرەبارانی هەیە، لایەنە باش و خراپەکانی هەردووکیان تێدەگەین، هیوادارین پلاندانەرانی بواری ئاو شێوازێک هەڵبژێرن، واتە پلانێکی هاوئاهەنگ بەڕێوە ببەن"
  
هۆشەنگ محەممەدی، بەڕێوەبەری کاروباری پارێزگاکان سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران دەڵێت، 70٪ـی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئێران لە 15 پارێزگادا بەرهەمدەهێنرێن. دەشڵێت، "ئەو بڕە بەرهەمە لەڕێگەی جۆرێکی کشتوکاڵکردنەوە بەرهەمدەهێندرێت کە تەنیا دابینکردنی بژێوییە، نەک کشتوکاڵێکی وەها کە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا هەیە."
 
ئەو شێوەی کشتوکاڵە زیاترین زیانی بە سەرچاوە ئاوییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گەیاندووە، بۆ نموونە؛ دەشتەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای سنە وردە وردە رۆدەچن، هۆکاری ئەوەش دەرهێنانی ئاوە لەڕێگەی هەزاران بیرەوە. ئەمەش بەرهەمی تەنیا ئەم چەند ساڵەی دوایی نییە کە وشکەساڵی هەبوو، بەڵکو بەرهەمی ساڵانێکی زۆرە بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵ بە مەبەستی خۆبژێوی لە بەرهەمی کشتوکاڵ لە ئاستی ئێراندا.
 
حوجەت عەبدولمەلەکی، وەزیری کاری ئێران ئاماژە بەوە دەکات، "ئەگەر لە سەرچاوەکانی بەشی کشتوکاڵ بە باشی کەڵک وەربگرین، لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەتوانین ببینە دوازدەیەمین هێزی ئابووریی جیهان."
 
لە پارێزگای سنە 18 بەنداو دروستکراون و 18 بەنداوی دیکەش پلان بۆ دروستکردنیان دانراوە. بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوایی پێیان وایە دروستکردنی بەنداو هەنگاوێکی شکستخواردووە و خزمەت بە پەرەسەندن ناکات.
 
سیاسەتی دروستکردنی بەنداو لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر پەرەی پێدەدرێت. عەبدوڵا رەشیدپوور، جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری پەرەپێدان دەڵێت: "کەرتی کشتوکاڵ لایەنی سەرەکی پەرەپێدان و پێشکەوتنی ئابووریی پارێزگای سنەیە."
 
بۆ گەیشتن بەو مەبەستە، بەگوتەی فەرید سپەری، سەرۆکی پێشووی کشتوکاڵی سنە، لە هەوڵدان ئێستا 96 هەزار هێکتار زەوی دێم بکەنە بەرئاو و 450 هەزار هێکتاری دیکەش دەرفەت بۆ بەرئاوکردنی هەیە.