چیرۆکی داپیرە جانێی 85 ساڵ کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە پێنج نەوەی لەدەستدا: ماڵمان وێران بوو
رووداو دیجیتاڵ
داپیرە جانێ لە گوندێكی سنووری مەرەشی باکووری کوردستان بە دڵێکی پڕ لە خەمەوە چووەتە نزیک ئەو خانووەی کە بەسەر نەوەکانی دا رووخاوە و، بە کوڵ بۆ لەدەستدانی چوار نەوەکەی دەگری کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستدا.
داپیرە جانێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نازانم چی بڵێم. ماڵمان وێران بوو، پێنج کەسمان گیانی لەدەستدا. نەوەکەمیش گیانی لەدەستدا و ئەوان دەچوونە قوتابخانە. ماڵەکەمان وێران بوو و، تەختی زەوی بوو. نازانم چی بڵێم. ناتوانم قسە بکەم."
ناخی داپیرە جانێی تەمەن 85 ساڵ، وەکو گوندەکەی وێرانبووە، سەرەڕای لەدەستدانی ئازیزانی، ئێستا بنمیچێک نییە لە سایەیدا پشوویەک بدات.
داپیرە جانێ باس لەوەش دەکات "نازانم چی بکەم. هیچ شتێکمان نییە بیسووتێنین و هیچیشمان نییە بیخۆین. هەموو شتێک وێران بووە. ئاژەڵەکان لەژێر داروپەردوودا گیریان خواردبوو. خوای گەورە زیانت پێ نەگەیێنێت."
ئەو ژنە بە تەمەنە دانیشتووی گوندی شاهینتەپەی سەر بە بازارجخەیە. لە بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات، 16 کەس لەم گوندە بچووکەدا گیانیان لەدەستدا.
دوای کارەساتەکە، ئێستا دانیشتووانی گوندی شاهینتەپە چاوەڕێی دەستێکی هاوکارین، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ لە مانەوە لەنێو ئەو داپەردووانەدا رزگاریان بکات کە بووەتە هۆی مەرگی ئازیزانیان.
لە هەشتەمین رۆژی بومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا کە چەقەکەی شاری مەرەشبوو، گیانلەدەستدان لە 10 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 31 هەزار و 974 کەس.
بەگوێرەی دوایین ئامار کە کاژێر 13:50 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی شوباتی 2023 لەلایەن سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 31 هەزار و 974 کەس گیانیان لەدەستداوە.