پارێزگای هەولێر: سبەی پشوو نییە و دەوام ئاساییە


رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، "سبەینێ پێنجشەممە، 2024.2.15، پشوو نییە و لە سەرجەم دامودەزگا و فەرمانگەکانی سنووری پارێزگاکەمان دەوام ئاساییە."
 
پارێزگای هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو شەپۆلە بارانبارینە کردووە کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەڵام لە هەولێر کاری زۆریان بۆ رێگری لە لافاو و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کردووە، بۆیە بە پێویست زانرا کە سبەی نەکرێتە پشوو.
 
پارێزگای هەولێر پێیوایە لەبەر ئەم هۆکارانە پێویست نییە بکرێتە پشوو: 
 
یەکەم: لە ماوەى ساڵانى رابردوو و بەر لە وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ، لە پێناوى روونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسییەکانى، هەموو رێکارێک لە پاککردنەوەى (رێرەوەکانى ئاوى سرووشتیی باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكانی ناوشار) گیراوەتەبەر و پڕۆسەکەش تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
دووەم: سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگاکان (شارەوانی، بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی، تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی) لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نەخوازراو و مەترسیی دروستبوونی لافاو.
 
سێیەم: دواى ئه‌و هەموو هەوڵ و کارانە کە لە ئێستا و لە رابردوودا بۆ بەرگرتن لە لافاو و روونەدانی کراوە، بە پێویست نازانرێت سبەی بکرێتە پشوو.