تەقینەوەیەک لە شرنەخ روویدا؛ منداڵێک گیانی لەدەستدا و دایکیشی بریندارە


رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای شرنەخ بەهۆی تەقینەوەی پارچەکانزایەکی نادیار، منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ گیانی لەدەستدا و دایکیشی بە سەختی بریندار بوو.
 
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 13-3-2024، لە ناوچەی باسان (گوچلوکئۆناک)ی سەر بە پارێزگای شرنەخ روویدا. 
 
بەگوێرەی گوتەی ئەو ماڵباتە، منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ بە ناوی (س. د) پارچە کانزایەکی لە دەشتاییەکانی دەوروبەر دۆزیوەتەوە و بردوویەتییەوە بۆ ماڵەوە.
 
ئەو منداڵە لە حەوشەی ماڵەکەیاندا خەریکی ئەو پارچە کانزایە بووە و لەناکاو کانزاکە تەقیوەتەوە. منداڵەکە و دایکە تەمەن 46 ساڵییەکەی بە سەختی بریندار بوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە. 
 
نزیکەی کاژێرێک دوای گەیشتنیان بە نەخۆشخانە، منداڵە تەمەن چوار ساڵەکە گیانی لەدەستدا و دایکیشی لە ژێر چاودێریی پزیشکە.