حکومەتی هەرێمی کوردستان هێرشکردنە سەر کۆنسووڵخانەی ئیمارات سەرکۆنە دەکات


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان "بە تووندترین شێوە" سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کۆنسووڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر دەکات و رایدەگەیێنێت، پێویستە حکومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت و سنوورێک بۆ "ئەو میلیشیا لەیاسادەرچووانە" دابنێت.
 
رۆژی شەممە، 14ـی ئاداری 2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکەی سەر کۆنسووڵخانەی ئیمارات لە هەولێر و سەرجەم ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر خاک، دامەزراوەکان و نێردە دیپلۆماتییەکان بە پەلاماری "تیرۆریستی و تێکدەرانە" ناوبرد و رایگەیاند، "بە تووندی شەرمەزاری دەکات."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ شەممە، بە درۆن هێرشکرایە سەر کۆنسووڵخانەی ئیمارات لە هەولێر و بەهۆیەوە دوو کارمەندی ئەمنی بریندار بوون. 
 
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
 
هاوکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات بەرپرسیارێتیی یاسایی خۆی لەئەستۆ بگرێت و دەڵێت: "پێویستە سنوورێک بۆ ئەو هێز و گرووپ و میلیشیا لەیاسادەرچووانە دابنێت کە بوونەتە هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی."
 
لەبارەی زیانی هێرشەکان، حکومەت ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئەنجامی پەلامار و هێرشە ناڕەواکانی ئەو گرووپانە، تاوەکو ئێستا دەیان کەس بوونەتە قوربانی و زیانێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان و عێراق کەوتووە.