شاندێکی باکووری کوردستان بۆ بەشداریی لە بەخاکسپاردنی ساڵح موسلیم لە رۆژئاوای کوردستانە
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی سیاسەتڤانانی باکووری کوردستان بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجوومەنی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)، لە رۆژئاوای کوردستانن.
ساڵح موسلیم ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 11ی ئاداری 2026 لە هەولێر کۆچی دوایی کرد.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 15ی ئادار، تەرمی ئەو سیاسەتڤانەی رۆژئاوای کوردستان لە شاری کۆبانێ لە رێوڕەسمێکدا بە خاک بسپێردرێت.
بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکە، شاندێک کە لە هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە)، کۆنگرەی دیموکراسیی گەلان (هەدەکە)، تەڤگەری ژنانی ئازاد و دەسپێشخەریی یەکێتیی دیموکرات پێکهاتووە، گەیشتنە رۆژئاوای کوردستان.
شاندەکە لە شارۆچکەی کانی غەزالانی سەر بە پارێزگای رووها، لە دەروازەی سنوورییەوە چوونە شاری گرێ سپی. لەوێ لەلایەن شاندێکی بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا و بەرەو کۆبانێ بەڕێکەوتن.
ئەو سەرکردە و سیاسەتڤانانەی لەنێو شاندەکەدان:
• تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی.
• چیدەم کڵچگون ئوچار و کەسکین بایندر، هاوسەرۆکانی گشتیی دەبەپە.
• مەراڵ دانش بێشتاش.
•لەیلا زانا.
• سەباحەت تونجەل.
• گوڵجان کاچماز و محەممەد کاماچ، هاوگوتەبێژانی دەسپێشخەریی یەکێتیی دیموکرات؛ گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و ئێبرو گونای، بەرپرسی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوە.
ساڵح موسلیم، سیاسەتڤانی کورد، بەهۆی نەخۆشییەوە رۆژی 4ی ئاداری 2026 بۆ چارەسەرکردن لە رۆژئاوای کوردستانەوە گواسترایەوە بۆ هەولێر.
نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەرکی چاودێریکردن و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکی چارەسەرکردنی گرتبووە ئەستۆ.