شێخ باز بەرزنجی: هێشتا بڕیارم نەداوە خانووەکەم نۆژەن بکەمەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کار گرووپ رایدەگەیێنێت راپۆرتی لیژنەکان لەبارەی مووشەکبارانکردنی ماڵەکەی تەواوکران و تەنیا ماوە پوخت بکرێن و دەرئەنجامەکەی رابگەیێندرێت، سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی خانووەکەشی، گوتی جارێ بڕیاری نەداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-04-2022، یاداشتێک لەنێوان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کارگرووپ و پارێزگاری هەولێر بۆ نۆژەنکردنەوەی بەشێکی دیکەی قەڵای هەولێر واژۆ کرا. دوای واژۆکرنی یاداشتەکە پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کارگرووپ کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیان کرد.
لە وەڵامی پرسیاری بەهرۆز فەرەیدون، پەیامنێری رووداو لە هەولێر لەسەر دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەو لیژنانەی لە بەغدا هاتوون، شێخ باز گوتی: "ئێمە هەر چاوەڕێین، رەنگە لە رۆژانی داهاتوو راپۆرتی خۆیان دەربکەن، ئێمەش چاوەڕێی ئەو راپۆرتانەین. لیژنەکان کارەکانی خۆیان تەواو کردووە و راپۆرتی خۆیان نووسیوەتەوە، ماوەتەوە پوختەی راپۆرتەکان کۆبکرێتەوە و ئەنجامی تێدابێت".
سەبارەت دروستکردنی کێشە بۆ کارگرووپ لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە تایبەت لە دوای هێرشە مووشەکییەکە، شێخ باز گوتی: "کۆمپانیای کار، کۆمپانیایەکی تایبەتمەندە بە وزە، کۆمپانیاکە لە یەکەم رۆژی ئازادی عێراقەوە کاری بۆ ئەوە کردووە عێراق وەکو کەرتی تایبەت بکاتە نموونەیەک بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت رۆڵیان لە ژێرخانی عێراقدا هەبێت، ئەوەی کە کۆمپانیای کاریش کردی، ئەوەی سەلماند کە توانی کوردستان و عێراق بخاتە سەر نەخشەی وزەی جیهان".
بە گوتەی شێخ باز "زۆر لایەن هەن چاویان بەمە هەڵنایێت، ئێمە کۆمپانیایەکی ئەندازەیی کەرتی تایبەتین، گرنگی بە پاڵاوگەکان و کارەبا و بەرهەمهێنانی نەوت و غاز دەدەین، هەموو ئەمانەش بۆ ژێرخانی وڵات و کۆمەڵگەیە، ئەگەر هەر لایەنێکیش چاوی بەوە هەڵنەیەت عێراق گەشە بکات هەوڵدەدات لە ئەڵقە بنچینەییەکانی ئەو ژێرخانە بدات، وایانداناوە کە کۆمپانیای کار رۆڵێکی بنچینەیی هەیە لە ژێرخانی ئەو وڵاتە، بۆیە دەیکەنە ئامانج".
شێخ باز ئومێدەوارە ئەو دۆخە کۆتایی پێبێت و حکومەتی نوێ پێکبهێندرێت و دەڵێت: "کێشەی سیاسی نێوان سیاسییەکان نەمێنێت و کێشەی ئابووری و ژێرخان پەیوەندی بە ئێمەوە نەبێت. ئێمە نە پەیوەندیمان بە سیاسەتەوە هەیە و نە کاری سیاسی".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێرش لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند: "بەپێی دەرئەنجامە بەرایییەکانی لیژنەکانی پەرلەمان و حکومەتی عێراق و سەرۆکوەزیران، هەمووی ئەوە دەسەلمێنن ئەو شوێنە ماڵێکی ئاسایی بووە. بۆیە هیچ هۆکارێک نابینین بۆ ئەو هێرشە ناڕەوایەی کرایە سەرمان، ، بەڵام بەوەش دڵخۆشین کە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو".
سەبارەت بە بابەتی نۆژەنکردنەوەی خانووەکەشی، شێخ باز گوتی: "ئەم بابەتە بۆ خەڵکی هەولێر و پارێزگار و لیژنە تایبەتمەندەکان جێدەهێڵم، وەکو جێیەکی شوێنەواری بەجێی بهێڵین؟ یان نۆژەنی بکەینەوە؟ ئەگەر بڕیاریاندا ببێتە بەشێک لە شاری هەولێر، وەکو خۆی بەجێیدەهێڵم بۆ ئەوەی خەڵک بێت بیبینێت".
پارێزگاری هەولێریش لەوبارەیەوە گوتی: "لە بابەتی نۆژەنکردنەوەی خانووەکە دەکوڵینەوە، هەم لەگەڵ کاک شێخ و هەم دەزگا پەیوەندیدارەکان، رەنگە وەکو شوێنەوارێکی ئەو شارە بمێنێتەوە، رەنگە نۆژەن بکرێتەوە، بەڵام دواتر بڕیاری لێدەدرێت".
شەوی 13-03-2022 بە 12 مووشەکی بالیستی هێرشکرایە سەر شاری هەولێر، هێرشەکە ماڵی سەرمایەداری کورد شێخ باز بەرزنجى، کردە ئامانج، سوپاى پاسدارانى ئێران هەمان رۆژ بەرپرسیارێتى خۆى لەو هێرشە راگەیاند، بەپاساوى ئەوەى شوێنە بۆردوومانکراوەکە بارەگایەکى دەزگاى هەواڵگریی ئیسرائیل بووە، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەر زوو ئەمەی رەتکردەوە و پاساوەکەی بە بێ بنەما دانا.
لە 15-03-2022، لیژنەی لێکۆڵینەوەى راستییەکانى پەرلەمانى عێراق سەردانى شوێنى بۆردوومانکراویان کرد، لە 17ى ئادار لیژنەکە لە بەغدا یەکەم کۆبوونەوەى خۆی بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان کرد.
رۆژی چوارشەممە 13-04-2022، هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامى لیژنەى لێکۆڵینەوەى راستییەکانى پەرلەمانى عێراق لەبارەى هێرشی مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر، بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند؛ لیژنەکەیان گوتەى زۆربەى ناوەندە ئەمنییەکانى وەرگرتووە لەبارەى ئەو هێرشە مووشەکییەى کە کرایە سەر هەولێر، بەتایبەت ناوەندە ئەمنى و هەواڵگرییەکان و تەنیا دوو ناوەندى ئەمنى ماون، کە سەردانیان بکەن و گوتەیان لێ وەربگیرێت.
هەرێم کەمال ئاغا گوتیشی: "پێشبینی دەکرێت بەر لەکۆتایی ئەم مانگە راپۆرتى لیژنەکەمان ئامادەبێت و رادەستى سەرۆکایەتى پەرلەمانى بکەین، بۆ ئەوەى لەوێوە بدرێتە ئەنجوومەنى وەزیران بەمەبەستى بڕیاردان لەبارەیەوە".