لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە شنگال 3 ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی پێکدادانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و بارهەڵگرێک لەسەر رێگەی نێوان شنگال و تەلەعفەر، سێ ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
ئەلیاس قیرانی، کەسوکاری خێزانەکە و موختاری گوندەکەیان، ئەمڕۆ سێشەممە 14-4-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خێزانەکە لە کاتی گەڕانەوەیان لە سەردانی گۆڕستان لە ئێوارەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییاندا تووشی رووداوەکە بوون. ئۆتۆمبێلەکەیان خۆی بە بارهەڵگرێکدا کێشاوە و لە ئەنجامدا سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکانیان رەوانەی پزیشکی دادی مووسڵ کراون.
بەپێی زانیارییەکان، لە رووداوەکەدا مەحموود نافخۆش، حەنیفە نافخۆشی خوشکی و کچەکەی مەحموود گیانیان لەدەستداوە. هەروەها نادیە جاسم، هاوژینی مەحموود، بریندار بووە و ئێستا تەندروستیی جێگیرە.