پارێزگای رووها: خوێندن بۆ چوار رۆژ لەو قوتابخانەیە وەستێنرا کە 16 کەسی تێدا بریندار کرا
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای رووها راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشی چەکداری بۆ سەر قوتابخانەکەی رووها بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 9 لەو 16 بریندارەی رەوانەی نەخۆشخانە کران، هێشتا چارەسەر وەردەگرن و دۆخی سێیان ناجێگیرە.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 14-4-2026، پارێزگای رووها راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشی سەر قوتابخانەیەک بڵاوکردەوە کە گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ بەناوی عومەر کەت دەستڕێژی گولـلەی کرد و 16 لە مامۆستا و قوتابی قوتابخانەیەکی بریندار کرد.
پارێزگای رووها بڵاویکردەوە، لە هێرشەکەدا 16 کەس برینداربوون؛ 7یان چارەسەریان وەرگرت و نێردرانەوە ماڵەوە، 9 بریندارەکەی دیکە هێشتا چارەسەر وەردەگرن و تەندروستیی سیانیان ناجێگیرە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پارێزگای رووها، داواکاری گشتیی سێوەرەگ دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە و کەسێک دەستگیرکراوە، هەروەها خوێندن لە قوتابخانەکە بۆ چوار رۆژ راگیراوە.
دەقی راگەیێندراوەکەی پارێزگای رووها:
رۆژی سێشەممە، 14-04-2026 کاژێر 09:30، لە قوتابخانەی ئامادەیی تەکنیکی و پیشەیی ئەحمەد کۆیۆنجو لە شارۆچکەی سێوەرەگی سەر بە پارێزگای شانڵی ئورفا (رووها)، هێرشێکی چەکداری لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی (ئۆ. کای) کە پێشتر قوتابیی ئەو قوتابخانەیە بووە، کرا.
لەو هێرشەدا 16 کەس بریندار بوون؛ چارەسەری پزیشکی بۆ 7 لەو بریندارانە کۆتایی هات و رەوانەی ماڵەوە کرانەوە. ئێستاش 9 بریندار کە تەندروستیی سیانیان ناجێگیرە، لە نەخۆشخانەکانی رووها چارەسەر وەردەگرن.
لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەلایەن داواکاری گشتیی سوێرەگەوە دەستیپێکردووە، گومانلێکراوێک دەستگیرکراوە. لێکۆڵینەوە بە شێوەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنە بەردەوامە.
بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لە رووی کارگێڕییەوە، لەسەر داوای پارێزگاری رووها، وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی ناوخۆ، پشکنەریان لە بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشەوە راسپاردووە.
هەروەها دوو بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و 2 بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سوێرەگ لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە. لێکۆڵینەوەکە لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارەوە لە نزیکەوە چاودێری دەکرێ.
خوێندن لە قوتابخانەی ئامادەیی ئەحمەد کۆیۆنجو بۆ پیشەیی و تەکنیکی، لە رۆژی 14-04-2026ـەوە بۆ ماوەی 4 رۆژ راگیرا.
تەندروستیی بریندارانی ئەو هێرشە دڵتەزێنەی کە هەموومانی خەمبار کرد، لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت. داوای چاکبوونەوەی خێرا لە خودای گەورە بۆ بریندارەکان دەخوازین؛ هیوای سەلامەتی بۆ هەمووان دەخوازین.