دەستڕێژی گولـلە لە قوتابخانەیەکی رووهای باکووری کوردستان کرا و 13 قوتابی بریندارن
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، هێرشکارێک چووە نێو قوتابخانەیەکی ئامادەیی و دەستڕێژی گوللـەی کرد؛ بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لانیکەم 13 کەس بریندار بوون و هێرشکارەکە چەند قوتابییەکی بە بارمتە گرتووە.
رووداوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 14ی نیسانی 2026، لە شارۆچکەی سوێرەگ روویداوە. هێرشەکە لە ئامادەیی پیشەیی و تەکنیکیی ئەنادۆڵی ئەحمەد کۆیونجو لە گەڕەکی حەسەن چەلەبی ئەنجامدراوە و باس لەوە دەکرێت هێرشکارەکە قوتابییەکی قوتابخانەکەیە.
دوای رووداوەکە، تیمەکانی تەندروستی، پۆلیس و هێزە تایبەتەکان رەوانەی شوێنەکە کراون. هێزە ئەمنییەکان توانیویانە زۆربەی ئەو قوتابییانەی لە قوتابخانەکەدا بوون دووربخەنەوە، بەڵام هێرشکارەکە هێشتا لەنێو بیناکەدایە و چەند قوتابییەکی بە بارمتە گرتووە.
ئێستا ناوچەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆ دراوە و هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی هێرشکارەکە و رزگارکردنی بارمتەکان بەردەوامن.