کاروان گەزنەیی: لە هەوڵی تیرۆری 'هێزێکی دەمامکدار' رزگارمان بوو

رووداو دیجیتاڵ

کاروان گەزنەیی، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، "لە هەوڵێکی تیرۆرکردن" رزگاری بووە کە لەلایەن "هێزێکی دەمامکدارەوە" کراوەتە سەر خۆی و پاسەوانەکەی؛ ئەوەش دوای ئەوەی ئەمشەو لەنزیک کۆیە تەقەی لێکرا.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی دەڵێت، "ئەمشەو لەلایەن هێزێکی دەمامکداری راهێندراو هەوڵی تێرۆرکردنمان درا، بەڵام سوپاس بۆ خوا سەلامەتین، بەڵام بەداخەوە شۆفێرەکەم بریندارە."

کاروان گەزنەیی دەڵێت، "من هیچ کاتێک هیچ کێشەیەکی کەسیم لەگەڵ هیچ کەس نەبووە، بۆیە چاوەڕوانی لایەنە پەیوەندیدارەکانین تیرۆریستان رووبەڕووی دادگا بکەنەوە."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، "لەکاتی خۆیدا روونکردنەوەی پێویست و تەواو لەسەر تەواوی رووداوەکە دەدەین."