نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بە بەشداریکردن لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ متمانەدان بە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێ و حکومەتەکەی دەربڕی.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکوەزیران و کابینەکەی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە راپەڕاندنی بەرپرسیارێتییەکانیاندا.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، "هیوا دەخوازم ئەم کابینە نوێیە بە شێوەیەک کار بکات کە خزمەت بە تەواوی پێکهاتەکانی گەلی عێراق بکات و خواستەکانیان بۆ ئاسایش، سەقامگیری، پێشکەوتن و ئاوەدانیی زیاتر بەدی بهێنێت."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەرلەمانی عێراق دەنگدان بۆ بەربژێری وەزارەتەکانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەڕێوەچوو و جگە لە پەسندکردنی کارنامەکەی عەلی زەیدی، 14 کەس دەنگی پێویستیان بۆ بوونە وەزیر بەدەستهێنا.
بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی 270 پەرلەمانتاری عێراق، پرۆسەی دەنگدان بۆ 19 بەربژێری وەزیر بەڕێوەچووە، بەڵام 5یان دەنگی پێویستیان نەهێناوە.
ژمارەی وەزارەتەکانی عێراق 23 دانەیە، بەو پێیە هێشتا 9یان ماوە هەڵبژێردرێن.