خۆپێشاندانی رۆژئاوای کوردستان بۆ زمانی کوردی بەردەوامە؛ "زمانی دایکمان لە کەس نەدزیوە"


رووداو دیجیتاڵ

ماوەی هەفتەیەکە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان، بە سەدان هاووڵاتی بۆ پشتیوانیکردن لە فەرمیکردنی زمانی کوردی رژاونەتە سەر شەقامەکان؛ گەورە و بچووک داوا دەکەن دەستووری نوێی سووریا زمانی کوردی بپارێزێت و خوێندن بەو زمانە بەردەوام بێت.
 
مەیۆفا مەحموود، ژنێکی کوردە و تەمەنی 70 ساڵە، سەرەڕای تەمەنەکەی لە ماڵەوە دانەنیشتووە و چووەتە نێو خۆپێشاندەران. ئەو دەڵێت، کاتێک بیستوویەتی لە دەرەوە قەرەباڵخییە و پێیان گوتووە رۆژی زمانی کوردییە، هەر بەپەلە دەرمانە ئازارشکێنەکەی خواردووە و خێرا چووەتە دەرەوە.
 
مەیۆفا مەحموود دەڵێت: "من ئێستا بۆ زمانی خۆم هاتوومەتە دەرەوە، بۆ زمانی کوردی. ئێمە تا ڕۆژێک لە تەمەنماندا مابێت، واز لە زمانی کوردی ناهێنین. ئێمە شوێن زمانی خۆمان دەکەوین؛ منداڵەکانمان بە کوردی دەخوێنن و ئێمەش پشتیوانییان دەکەین. جلوبەرگی من کوردین و تا مابم هەر کورد دەبم. ئێمە ڕێچکەی کوردایەتی بەرنادەین؛ من کوردم، ئەی دەبێت بە چ زمانێک بدوێم؟ بێگومان هەر بە کوردی قسان دەکەم."
 
لەو چالاکییانەدا خەڵکی رۆژئاوای کوردستان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە پێویستە مافی خوێندن بە زمانی دایک پارێزراو بێت و رێگری لە خوێندنی کوردی نەکرێت.
 
دیلان عەلی، خوێندکاری زمانی کوردی دەڵێت: "ئەم زمانە دیارییەکە خودا بۆی ناردووین، لە کەسمان نەدزیوە. ئێمە دەچینە قوتابخانەکانمان و بە زمانی دایکمان دەخوێنین."
 
خەڵکی ناوچەکە سوورن لەسەر داواکارییەکانیان و بۆ پشتیوانیکردن لە فەرمیکردنی زمانی کوردی هاتوونەتە دەنگ و جەخت لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەکەنەوە.