یەکەمجار نییە گوێم لە دەنگی بیکەیسی و هاوەن بێت


تەمەنم گەیشتە سەرووی سی ساڵ، راپەڕینی خەڵکی کوردستانم بیرە،شەڕی براکوژی تا ئێستاش لە بیرەوەریمدا ماوەتەوە. بە درێژایی یازدە ساڵ کاری راگەیاندن و دوای رووخانی حکومەتەکەی سەددام حوسێن لە نیسانی 2003 شوێنە ترسناکەکان گەڕاوم، بەڵام لەوەتەی لە تۆڕی میدیای رووداو کار دەکەم، چالاکییەکانم زیاتر بە هاونیشتیمانییان دەگات، بۆیە دەمێکە بە دەنگی چەکەکان ئاشنام و نامۆ نیین، سەرەتای یەکتر ناسینمان دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی هەشتاکان ئەو کاتانەی لە نێو شاردا (کۆیە) گوێبیستی دەبووم،منداڵ بووم هێندەم دەزانی دەیانگووت پێشمەرگە هات،ئیدی ئاربیجی و نارنجۆک و دۆشکا دەنگیان دەبیسترا،تا دەگوترا پێشمەرگە چوونەوە ئەودیوی هەیبەتسوڵتان.

 رۆژی 13 ی حوزەیران تیمێکی هەشت کەسی لە کارمەندانی رووداو بەرەو خاڵە گەرمەکانی شەڕ بەرێکەوتین، کە گووندی مەلا عەبدوڵڵایەو بە عەرەبی پێی دەڵێن مولتەقا! . دوای گەیشتنی تیمی رووداو بۆ ناحیەی یایچی کە چەند کیلۆمەترێکی کەمی مابوو بگەین بە خاڵی گەرم، واتە بەرەی شەڕ، کە گوندی مەلا عەوڵایە، ئەو گووندە وەک پێشمەرگەکان دەڵێن لەلایەن هێزە کوردییەکان و داعشەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و دەگیرێتەوە، لە ماوەی سێ رۆژدا داعش دوو جار دەستی بەسەردا گرتووەو هێزە کوردییەکانیش کۆنتڕۆڵیان کردۆتەوە.

 کە گەشتینە گوندی مەلا عەوڵا بە هاوکاری پۆلیسی قەزاو ناحییەکانی کەرکووک،چووینە بنکەی پۆلیسی گووندەکە کە دوو رۆژ پێشتر لەلایەن داعشەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، دوو بەرپرسی پۆلیس و پێشمەرگە بە پلەی عەمید لەوێ بوون، دەنگی فیشەکی دۆشکاو بیکەیسی دەبیسترا، دوو بەرپرسەکە سەرحەد قادر و شێرکۆ کەرکووکی بوون هێزێکی مامناوەندییان لەگەڵ بوو، دەستبەجێ رووداو دەستی بە رووماڵی راستەوخۆ کردو ئامادەبووانی دواند، دوای کۆتاییهاتنی رووماڵەکە، سەرحەد قادر پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە کرد لە هەوڵی دانوستان بوو لەگەڵیان بۆ ئازادکردنی کامەران نەجمی رۆژنامەنووس کە بڕیار بوو چەکدارەکان ئازادی بکەن، چونکە رۆژێک پێشتر بە برینداری کەوتبووە دەستیان، لەو سەروبەندەدا بوو، شێرکۆ کەرکووکی و پێشمەرگەکانی ئەو شوێنەیان جێهێشت و گوتیان دەچن خاڵە گەرمەکانی ناوچەکە بەسەر دەکەنەوە، کە هێزەکانی ئەوانی لێیە، واتە پۆلیسەکانی قەزاو ناحییەکانی کەرکووک بە سەرۆکایەتی سەرحەد قادر مانەوە.

 تیمەکەی رووداو لەگەڵ پۆلیسەکان مایەوە بەردەوام بووین، چاوەڕێ بووین کە رۆژنامەنووسەکە ئازاد بکرێت، تا هەواڵی ئازادکردنەکەی بڵاو بکەینەوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ. چونکە لە بەرامبەر ئەو رۆژنامەنووسە، پۆلیسەکان 11 چەکداریان ئازادکردبوو، دانوستاندنی پۆلیسە کوردەکان و چەکدارانی داعش درێژکرایەوە، هەرهێندە زانرا کە چەکدارانی بەرامبەر، لە سێ لاوە دەوری ئەو بنکەیەیان گرت و دەست بە تەقەیەکی زۆر کرا، تاکە شوێن کە چەکدارەکان نەیانتوانی بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی بکەن ناو خانووەکانی گووندەکە بوو، لەو کاتەدا هێزەکان کەوتنە فریاکەوتنی تیمەکەی رووداو، بە ناو خانووە چۆڵکراوەکانی گووندی مەلا عەوڵا تاکە رێگەکەیان نیشانداین کە نەکەوتبووە ژێر کۆنترۆڵی چەکدارەکان، بەشێوەیەکی زۆر خێرا کەوتینە رێگا، رێگایەک کە نەدەزانرا لێی دەربازدەبین یان نا...! ، کە رزگار بووین، کانی هەڵەبجەیی،هێور بەکر، فریادی ئێس ئێن جی و فەرمانی شوفێر هەمووی لە سیمای یەکتریمان دەڕوانی، دەمانپرسی چۆن ماوین؟.

هەرچەندە ئەو ئەزموونەی پێیدا گوزەرم کرد لە نێو راگەیاندندا فێری ئەوەی کردم کە رۆژی وەهاش دەبینرێت،بیرمە ساڵێک و دوو مانگ لەوەو پێش لە شاری بەغدا بۆ درووستکردنی فیچەرێک لەسەر فەیللییەکان چوومە ناوچەی مەدینەتولسەدرو کەوتمە نێو شەڕی چەکداران ( عەسابات) و پۆلیسی بەغدا، بەتەنها بووم، بەڵام وەکو ئەمجارەی گووندی مەلا عەوڵا هەستم بە ترس نەکرد، چونکە لەوێ تەنهاو تەنها خۆم بووم، بەڵام لە گوندی مەلا عەوڵا حەوت کادیرم لەگەڵ بوو، دەبوو ورەی خۆم بەرز نیشاندەم تا هاوکارەکانیش ورە بەرز بن! بۆیە من ترسم لە هاوکارانم هەبوو، بەڵام شوکر ئەوانیش سەلامەت بوون.

دواجار بە بڕینی ئەو رێگە سەختە تیمەکەی رووداو بە هاوکاریی پۆلیس و پێشمەرگە گەیشتەوە ناوچە ئارامەکان، ئەویش سنووری پارێزگای کەرکووک بوو، ئەمجارە ئەو پارێزگایە زۆر جیاواز بوو لە جارانی پێشتر، چونکە هێزە ئەمنییە کوردەکان پاراستنی ئەمنییەتیان پێ سپێردرابوو، ئێستا ئەو شارە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکانەو بڕیاریشە نەکشێنەوەو جێگیر بکرێن.