سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتە هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
کەمێک لەمەوبەر، عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ سەردانی بەغدای کرد.
عەلی باقری لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی دیکەوە پێشوازی لێ کرا.
عەلی باقری لەدوای گیانلەدەستدانی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە رووداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکدا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات، دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە یەکەمین سەردانی دەبێ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. هەفتەی رابردوو باقری سەردانی لوبنان و سووریای کرد و لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو دوو وڵاتە کۆبووەوە.