وەزارەتی پێشمەرگە: دەرماڵەی بڕوانامە بۆ پێشمەرگە دەبەسترێت

رووداو- هەولێر

بەرپرسی راگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، دەرماڵەی بڕوانامە بۆ ئەو پێشمەرگانە دەبەسترێت كە خاوەنی بڕوانامەن و ئەمەش كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی مووچەكانیان دەبێت.


عەمید هەڵگورد حیكمەت، بەرپرسی راگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "بەپێی ئەو نووسراوەی لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئێمە هاتووە، دەرماڵەی بڕوانامە بۆ ئەو پێشمەرگانە دەبەسترێت كە خاوەنی بڕوانامەن، ئەمەش كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی مووچەكانیان دەبێت".

هەڵگورد حیكمەت گوتی "ماوەیەكی زۆرە ئیدارەی وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگای لێژنەكانەوە كار لەسەر دۆسیەی پێشمەرگەكان دەكات، بۆ ئەوەی بڕوانامەی هەموو دۆسیەكان جێگیر بكرێت بۆ ئەو پێشمەرگانەی بڕوانامەیان هەیە و بەپێی بڕوانامەكانیان رێك بخرێن. چونكە پێشتر هیچ یاسا و رێنماییەك نەبووە بۆ هەژماركردنی دەرماڵەی بڕوانامە لەسەر سیستەمی مووچەی پێشمەرگە".

بەرپرسی راگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی "بەپێی ئەو نووسراوەی لە وەزارەتی دارایی كە بۆ ئێمە هاتووە، گرێدانی دەرماڵەی مووچە، پێشمەرگەكانی یەكەکانی 70 و 80 ناگرێتەوە، بەڵكو تەنیا پێشمەرگەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەگرێتەوە."

هەڵگورد حیكمەت، ئاماژەی بەوەشدا "هەندێك شت هەیە تائێستا هەژمار ناكرێت، بۆنموونە خزمەتی پێشمەرگایەتی هەژمار ناكرێت و ئەوەی بڕوانامەی هەبووە و ئەوەی نەیبووە وەكو یەكتر مووچەیان وەرگرتووە، هەروەها دەرماڵەی خێزان و منداڵ خەرج ناكرێت. ئەوەی هەبووە مووچەیەكی ئاسایی بووە. بەڵام بە خەرجكردنی دەرماڵەی بڕوانامە بۆ پێشمەرگە بەهیواین لە ئایندەدا، دەرماڵەی ساڵانی خزمەت و خێزان و منداڵ بۆ پێشمەرگە خەرج بكرێت. چونكە ساڵانی خزمەت تەنیا لەكاتی خانەنشینی بۆ پێشمەرگە دەكرێت. بەهیواین پێش خانەنشینیش بۆیان هەژمار بكرێت."

هەژمارکردنی دەرماڵەی بڕوانامەی پێشمەرگەش ئەگەر هاوشێوەی وەزارەتەكانی دیكە بێت، هەڵگرانی "بڕوانامەی سێی ناوەندی 15%، بڕوانامەی شەشی ئامادەیی 25%، بڕوانامەی پەیمانگا 35%، بڕوانامەی بەكالۆریۆس 45%، بڕوانامەی ماستەر 65% و بڕوانامەی دكتۆرا 75% "یان لە مووچە بۆ زیاد دەکرێت.