54 پارێزەری کورد لەسەر دۆسیەی ژینا ئەمینی بانگهێشتی دادگە دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ 

54 پارێزەری کورد، کە پێشتر ئامادەییان دەربڕیبوو لە دادگە بەرگریی لە دۆسیەی ژینا ئەمینی بکەن، بانگهێشتی دادگەی بۆکان دەکرێن.
 
دادگەی شاری بۆکان لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئاگادارکردنەوەیەکدا کە بۆ 54 پارێزەری شارەکەی ناردووە، داوا دەکات تاوەکو رۆژی یەکشەممە، 16-07-2023 سەردانی دادگە بکەن بۆ خستنەڕووی روونکردنەوە لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە.
 
بەپێی ئاگادارکردنەوەکە، ئەو پارێزەرانە بە "بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و بابەتی پێچەوانەی دابونەریتی کۆمەڵگە" تۆمەتبار کراون. هەروەها هۆشداری دراوەتە ئەو پارێزەرانە، ئەگەر لە کاتی دیاریکراودا لە دادگە ئامادە نەبن، رێوشوێنی یاسایی دژیان دەگیرێتەبەر.
 
ئەو 54 پارێزەرە کە نیشتەجێی بۆکان یان خەڵکی شارەکەن، دوو رۆژ دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە 18-09-2022 راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا رەخنەیان لە "هەڵسوکەوتی نایاسایی" دامەزراوەکانی دەسەڵات لە ئێران گرت و ئامادەیی خۆیان دەربڕی لە دادگە بەرگری لە دۆسیەی ژینا ئەمینی بکەن.
 
ژینا ئەمینی لە 16-09-2022، لە تاران گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی سێ رۆژ پێشتر لە بنکەی پۆلیسی رەوشتی تاران تەندروستیی تێکچوو. ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا دەڵێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی پێی دراوە، کچەکەی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە لێی دراوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
 
خێزانەکەی دوای گیانلەدەستدانی کچەکەیان لە دادگەی تاران سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام بە گوتەی پارێزەرەکەیان، تاوەکو ئێستا دەزگای دادی ئێران ئامادە نییە رەزامەندی لەسەر لێکۆڵینەوەی لیژنەیەکی پزیشکی بێلایەن بدات بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو کچە کوردە. 
 
تاوەکو ئێستا دادگە هیچ بڕیارێکی لەبارەی ئەو دۆسیەی ژینا ئەمینی نەداوە.