لە زاخۆ بەهۆی وەرگەڕانی بارهەڵگرێکەوە شۆفێرێکی تورکیا گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، کاژێر 6:30ـی بەیانی ئەمڕۆ لەسەر شەقامی سەرەکیی نێوان کۆمەڵگەی دێرەبوون و گوندی قەرەولا، بارهەڵگرێکی تورکیا وەرگەڕا و لە ئەنجامدا شۆفێرەکەی کە تەمەنی 27 ساڵە گیانی لەدەستدا، دەڵێت تەرمەکە رەوانەی دادپزیشکی دهۆک کراوە و بڕیارە بگەڕێندرێتەوە بۆ تورکیا.
رۆژی هەینی، 14-7-2023، رائید ئەحمەد رەمەزان، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی وەگەڕانی بارهەڵگرێک، کە لە جۆری مارسیدس تانکەر بووە، شۆفێرەکەی کە هاووڵاتییەکی تورکە گیانی لەدەستدا."
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ گوتی: "هێشتا هۆکاری وەرگەڕانی بارهەڵگرەکە نازانرێت، بەڵام ئەوەی هەیە برایەکی ئەو شۆفێرە و ئامۆزایەکی کە هەردووکیان شۆفیری بارهەڵگرن لە پێش و دوای ئەو شۆفێرەوە بوون و هەریەک بارهەڵگری خۆیان هەیە و ئامۆزاکەی براکەی ئاگادارکردووەتەوە لە رووداوەکە."
گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بۆ زانینی هۆکاری وەرگەڕانی بارهەڵگرەکە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.