لە مەریوان منداڵان فێری پاراستنی ژینگە و سرووشت دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
دایک و باوکانی مەریوان منداڵەکانیان دەبەن بۆ خولێکی فێرکاریی جیاوازی هاوینە. منداڵەکان پەروەردەی پاراستنی ژینگە دەبینن و هەفتانە رۆژێک دەبردرێنە نێو ژینگە.
ئازاد تەباشیل، هاونیشتمانیی خەڵکی مەریوان دەڵێت، گرنگیی ئەم خولانە لەوەدایە کە ئەم منداڵانە هەم بۆ خۆیان هەم بۆ نەوەکانی داهاتووش فێر دەکرێن کە بەشێوەیەکی باش لەگەڵ سرووشتدا هەڵسوکەوت بکەن و زیان بە سرووشت و نیشتمان نەگەیێنن.
ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان ئەمساڵ بەرفراوانتر لە ساڵانی رابردوو، گرنگی بە پەروەردەی ژینگەیی دەدات و بۆ ئەوە زیاتر کار لەسەر نەوەی داهاتوو دەکات. کۆمیتەی فێرکاریی ئەنجوومەنەکە، منداڵانە دەباتە نێو ژینگە و فێریان دەکات، چۆن بیپارێزن.
لە خولەکاندا منداڵان سەرەتا فێری گرنگیی پاراستنی ژینگە و زیانەکانی نەپاراستنی دەکرێن. دواتر فێر دەکرێن، چۆن بیپارێزن و پارێزگاری لێ بکەن.
ژینگەی رۆژهەڵاتی کوردستان مەترسیی زۆری لەسەرە. بەشێک لە مەترسییەکان وەکو وشکەساڵی سرووشتین، بەڵام زۆربەی مەترسییەکان هۆکاری مرۆییان هەیە، وەکو پیسکردن و بەجێهێشتنی پاشماوەکان، بڕینەوە و ئاگرتێبەردانی دارستانەکان، راوکردن و زۆر مەترسی دیکە.