لە ساڵێکدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 21 هەزار کەس بەهۆی خۆڵبارینەوە گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، خۆڵبارین کاریگەری لەسەر تەندروستیی 38 ملیۆن کەس هەیە و ساڵی 2021 نزیکەی 21 هەزار کەس بەهۆی کاریگەریی درێژخایەنی خۆڵبارین گیانیان لەدەستداوە.
جەعفەر جەندوقی، سەرۆکی ناوەندی تەندروستیی ژینگە و شوێنی کار لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەبارەی کاریگەرییەکانی خۆڵبارین لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە رۆژی چوارشەممە لە تاران بەڕێوەچوو، رایگەیاند، خۆڵبارین دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشییەکانی دڵ، سییەکان، هەناسەتەنگی و پێست زیاتر بێت و زیان بە DNAی مرۆڤەکان دەگەیێنێت.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاشکرایکرد، ساڵی 2021 مردنی لانیکەم 20 هەزار و 837 کەس بەهۆی رووبەڕووبوونی درێژخایەن لەگەڵ گردیلەکانی نێو هەوا گیانیان لەدەستداوە.
جەندوقی دەڵێت، خۆڵبارین 8.17 ملیار دۆلار زیانی ئابووری بە ئێران گەیاندووە و کاریگەری لەسەر دابەزاندنی کوالێتیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیش داناوە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خۆڵبارینی ئێران، خۆڵبارینی بەردەوام 23 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە و لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، خوزستان، هورموزگان، کرمان، کرماشان و ئیلام زیاترە لە ناوچەکانی دیکە.
مەجید موحبی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان ئەمڕۆ هەینی، 14-07-2023، رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا 565 کەس لەو پارێزگایە بەهۆی کاریگەرییەکانی خۆڵبارینەوە گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.