پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتیاری لە سلێمانی دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە یەکەم فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەشتیاری بە ئامادەبوونی دەیان کۆمپانیای کوردستانی و عێراقی؛ هەروەها چەندین کۆمپانیا لە وڵاتانی کەنداو و ئەوروپاوە لە شاری سلێمانی بکرێتەوە. 
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، "مەبەست لە پێشانگەکە ناساندنی کەرتی گەشتیارییە لە هەرێمی کوردستان و بڕیارە چەندین گرێبەست لەنێوان کۆمپانیاکان بۆ ئاڵوگۆڕی گرووپە گەشتیارییەکان بکرێت". 
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی 14-7-2023 لەبارەی ئەو فیستیڤاڵەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەستەی گەشتوگوزار لە هەوڵەکانی بە ئاڕاستەی زیاتر ناساندنی هەرێمی کوردستان وەک رووگەیەکی گەشتیاری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان بەردەوامە؛ بۆ ئەو مەبەستە بە چاودێریی دەستەی گەشتوگوزار و بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی، لە رۆژانی 17 تاوەکو 20ـی مانگی داهاتوو پێشانگایەکی نێودەوڵەتیی گەشتیاری لە شاری سلێمانی دەکرێتەدوە."
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی،" لەو فیستیڤاڵەدا دەیان کۆمپانیا لە وڵاتانی دراوسێی عێراق و کەنداو و ئەوروپا و وڵاتانی دیکەوە بەشدار دەبن. ئامانج لەو فیستیڤاڵە ناساندنی زیاتری هەرێمی کوردستان و کەرتی گەشتیارییەکەیەتی؛ هەروەها ئاشنابوونی کۆمپانیاکانە بە یەکدی و بڕیارە ژمارەیەک گرێبەست لەنێوانی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتانە بکرێت بەمەبەستی هێنان و بردنی گەشتیاران لێرەوە بۆ ئەو وڵاتانە و لەو وڵاتانە بۆ ئێرە."
 
بەگوێرەی داتای دەستەی گەشتوگوزار، سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ دوو ملیۆن گەشتیار لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. هەر بەگوێرەی دەستەکە، لە ساڵی 2022دا زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ زیاتر لە 3,100 شوێنی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستاندا هەن.