کوێستان محەممەد: 13 هەزار ناوی تازەمان بۆ بڕینەوەی مووچە ناردووەتە بەغدا

رووداو دیجیتاڵ
 
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 13 هەزار تۆماری تازەیان ناردووەتە بەغدا، بەڵام ئەو لیستە نابینا، نابیست، جەستەی بزوێنی و شیزۆفرینیای تێدا نییە کە ئەوانیش 15 هەزار کەس دەبن.
 
هەروەها دەڵێت، "لەگەڵ هاتنمان بۆ ئەم کابینەیە لە 2019، نووسراومان کرد بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و [داوامان کرد] بچینە سەر ئەسڵی یاساکەی خۆیان بۆ ئەوەی هیچ خاوەن پێداویستیی تایبەتێک لە 250 هەزار کەمتر نەبێت، بەڵام لە 2020 کۆرۆنا هات و بەهۆی قەیرانی دارایی و قاتوقڕییەوە نەتوانرا جێبەجێ بکرێت".
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەوەی ئایا پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەگرێتەوە؟ ئاماژەی بەوە کرد، "ئەگەر نڤیشکان بێت بەڵێ، داواشمان لە وەزارەتی شارەوانی کردووە ئەو فەرمانبەرانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن، چەند خاڵێکی زیادەیان بدرێتێ بۆ ئەوەی زەوی بیانگرێتەوە".
 

 
دەقی گوتەکانی کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان
 
رووداو: چی کراوە بۆ یەکخستنی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەتەکان لەگەڵ بەغدا؟
 
کوێستان محەممەد: خۆی بەپێی یاسای خاوەن پێداویستیی تایبەتی هەرێمی کوردستان کە لە 2011 پەسندکراوە، هیچ خاوەن پێداویستیی تایبەتێک نابێت مووچەکەی لە 250 هەزار دینار کەمتر بێت، بەڵام کابینەی ئەو کاتە هاتووە ئەوانەی کە مووچەیان هەیە، 100 هەزاریان بۆ بڕیونەتەوە. ئەوانەش هیچ مووچەیەکیان نەبووە 150 هەزاریان بۆ بڕیونەتەوە. ئێمە لەگەڵ هاتنمان بۆ ئەم کابینەیە لە 2019، نووسراومان کرد بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی  و (داوامان کرد) بچینە سەر ئەسڵی یاساکەی خۆیان بۆ ئەوەی هیچ خاوەن پێداویستیی تایبەتێک لە 250 هەزار کەمتر نەبێت، بەڵام لە 2020 کۆرۆنا هات و بەهۆی قەیرانی دارایی و قاتوقڕییەوە نەتوانرا جێبەجێ بکرێت. دوای ئەوەی کە دۆخەکە بەرەو باشی رۆیشت، جارێکی دیکە نووسراومان کردەوە، بەڵام دیسان بەداخەوە حکومەتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و هەر نەتوانرا هاوتا بکرێت. ئێستا کە حکومەتی عێراق مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەتی زیاد کردووە، نوێنەری خاوەن پێداویستیی تایبەتی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە هاتنە ئێرە و یاداشتێکیان هەبوو. ئێمە یاداشتەکەمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران و بەڕێز سەرۆکی حکومەت کردووە کە داوا لە عێراق بکەین خاوەن پێداویستیی تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق بکرێت. دواجار ئێمە نووسراوێکمان کرد بۆ بەڕێزیان کە رەزامەندی بدات شاندێکی وەزارەت بە سەرۆکایەتیی خۆم بچین بۆ بەغدا بۆ سێ شت. یەکەم، بۆ تۆماری نوێ و ئێستا ئێمە زیاتر لە 13 هەزارمان بە سیدی و هەموو شت و پشکنینەوە ناردووەتە بەغدا. دووەم، بۆ هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق. سێیەم، بۆ پارەی پاراستنی خێزان کە لە 2015ـەوە بڕاوە. خۆشبەختانە بەڕێزیان رەزامەندی داوە، بەڵام هێشتا رەزامەندییەکە لە دیوان نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەت. هەرکاتێک گەڕایەوە، شاندێکمان دەچین بەغدا و هەوڵ دەدەین بەڕێز سەرۆکی حکومەتی عێراق، وەزیری دارایی و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بۆ ئەو سێ بابەتە ببینین.
 
رووداو: جیاوازیی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان چەندە؟
 
کوێستان محەممەد: ئێستا لای ئەوان کەمترین مووچە 250 هەزار دینارە، بەڵام دیارە دەرماڵە و ژمارەی منداڵی دەچێتە سەر و بەپێی رێژەی نڤیشکانییەکەی و باری کۆمەڵایەتی و ژمارەی منداڵ زیاد دەکات. بۆ ئێمەش لە هەرێمی کوردستان یاساکە هەروا دەستنیشانکراوە، بەڵام وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە. 
 
رووداو: بەغدا ئامادەیە مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی هاوتا بکات؟
 
کوێستان محەممەد: ئەگەر وەک خۆیان دەڵێن هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، پێویستە خاوەن پێداویستیی تایبەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێکی دیکەی نێوەڕاست و باشووری عێراق وەکو یەک بێت. پێویستە هەژارێک لە خانەقین یان زاخۆ وەکو هەژارێکی بەسرە پارەی تۆڕی پاراستنی هەبێت. دەبێت بە هەمان شێوە و وەکو یەک مامەڵە لەگەڵ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و هەژارەکانی هەموو پارێزگەکانی عێراق بکرێت. 
 
رووداو: ژمارەی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی لە هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن چەندە؟
 
کوێستان محەممەد: 75 هەزار کەس 150 هەزار دینار مووچە وەردەگرن، پێم وایە حەوت هەزار کەسیش بڕی 100 هەزار دینار دەرماڵەی پەککەوتەیی وەردەگرن و خۆیان مووچەخۆرن. ئێستاش زیاتر لە 13 هەزار تۆماری تازەمان ناردووەتە بەغدا، بەڵام ئەم لیستە نابینا، نابیست، جەستەی بزوێنی و شیزۆفرینیای تێدا نییە کە ئەوانیش بە بڕوای من 15 هەزار کەس دەبن. بۆیە هەرکاتێک لە حکومەتی عێراق رەزامەندیمان بۆ ئەم 13 هەزارە وەرگرت، لە کۆمەڵەی دووەم پشکنین بۆ نابینا، نابیست، جەستەی بزوێنی و شیزۆفرینیا دەکرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق. 
 
رووداو: ئەو لیستەی ناردووتانە و ئەوانەی کە ماون بینێرن، بەغدا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ لیستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان هەیە؟
 
کوێستان محەممەد: لەو لیستانەی مانگەکانی پێشوو کە مووچەیان هەیە ناردوومانە، تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەک نەبووە. بەردەوامیش ئەو چەند مانگەی کە وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هەرێمی کوردستانی داوە، یەکەم شوێن کە مووچەی وەرگرتبێت خاوەن پێداویستیی تایبەت بووە، کەواتە کێشەیان لەگەڵ ئەم لیستە نییە. ئەو 13 هەزار تۆمارەی کە ناردوومانە، بەشێوەیەکی زۆر رێکوپێک بە لیژنەی پزیشکی پشکنینمان بۆ کردوون، بۆیە ئەگەر دەست بە مامەڵەکردن بکەن لەگەڵیان، دڵنیام هیچ کێشەیەکیان نابێت.
 
رووداو: ساڵانە خاوەن پێداویستیی تازە تۆمار دەکرێن بۆ وەرگرتنی مووچە لە هەرێمی کوردستان؟
 
کوێستان محەممەد: نەخێر، وەکو پێم گوتی لە 2012ـەوە هیچ تۆمارێکی تازەنەکراوە، بۆیە ئێمە تۆماری بەشێکی هەموو ئەو ساڵانەمان کردووە کە زیاترە لە 13 هەزارە. ئەوەشی ماوەتەوە لە نابینا، نابیست، جەستەی بزوێنی و شیزوفرێنیا نزیکەی 15 هەزار کەس دەبن.
 
رووداو: هۆکار چییە نوێ نەکراوەتەوە و خاوەن پێداویستیی تازە تۆمارنەکراوە؟
 
کوێستان محەممەد: پەیوەندی بە قەیرانی داراییەوە هەبووە. لە 2012 بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بڕدرا بۆیە نەتوانراوە کە تۆماری تازە دەستپێبکەن.
 
رووداو: بەغدا داوای لیژنەیەکی تایبەتی کردووە کە خۆشت تێیدا بەشداربیت، کەی سەردانەکە دەکرێت؟ لەگەڵ سەرۆکی دیوانیش قسەتان کردووە بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەو سەردانە بکرێت؟
 
کوێستان محەممەد: ئێمە چاوەڕێی رەزامەندییەکەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانین، چونکە دەبێت بە واژۆی سەرۆکی دیوان رەزامەندییەکەمان پێبگات. هەرکاتێک رەزامەندییەکە هات لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەچین.
 
رووداو: قسەتان لەگەڵ بەغدا کردووە بۆ مووچەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی کە لە 2013ـەوە لە کوردستان نەماوە، بەڵام بەغدا بە شێوەی جیاواز ئەو پارەیە خەرج دەکات؟
کوێستان محەممەد: لە تەمەنی من کە لەم وەزارەتەم، چوار وەزیری کار و کاروباری عێراق گۆڕدراوە؛ هەر چواریانم بینیوە و لەگەڵیان دانیشتووم و کۆبوونەوەمان کردووە. هەر چوار جارەکە بابەتی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیمان خستووەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. هەموو جارێک پێمان گوتوون هەژارێک لە زاخۆ، هەژارێک لە خانەقین، هەژارێک لە سۆران و سلێمانی مافی بەسەر بودجەی گشتیی عێراقەوە هەیە و پێویستە وەک هەژارێکی بەسرە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام هیچ جارێک لەو جارانە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق نەیسەلماندووە (کە بەو جۆرەیە). 
 
رووداو: هۆکار چییە کە نایسەلمێنێت؟
 
کوێستان محەممەد: هەروەک چۆن لە 2012ـەوە مووچە و بودجەی بڕیوە، مووچەی هەرێمی کوردستان نانێرێت، بودجە نانێرێت، ئەوە بە هەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. 
 
رووداو: ئەی بۆ مووچەی چاودێریی خێزان؟
 
کوێستان محەممەد: ئەوە چاودێریی خێزان بوو باسمان کرد. ئەوەی کە ئێستا باسمان کرد چاودێریی خێزان بوو. 
 
رووداو: لەسەر پڕۆژەی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، لە هەرێمی کوردستان، ئایا خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەگرێتەوە؟
 
کوێستان محەممەد: ئەگەر نڤیشکان بێت بەڵێ، داواشمان لە وەزارەتی شارەوانی کردووە ئەو فەرمانبەرانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن، چەند خاڵێکی زیادەیان بدرێتێ بۆ ئەوەی زەوی بیانگرێتەوە. نووسراوێکیشمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە نڤیشکانیش هەروەک فەرمانبەران بە گشتی زەوییان پێ بدرێت.