سبەی لە هەولێر 2800 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێت
رووداوی دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، سبەی سێشەمە تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە سنووری شارەوانیی بەحرکەدا دەکرێت.
دووشەممە 14-07-2025 مەریوان حاکم هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، ئەو زەوییانەی سبەی تیروپشکیان بۆ دەکرێت ژمارەیان 2800 پارچە زەوییە، بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دابەش دەکرێت کە شایستەن.
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی هەولێر مامەڵەی بەناوکردنی ئەو زەوییانەی دابەش دەکرێن، نزیکەی 3 – 4 مانگ دەخایەنێت.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەدا لە سنووری هەر 18 شارەوانییەکەی هەولێر زەوی بەسەر فەرمانبەرداندا دابەش دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش 32 هەزار پارچە زەوی ئامادەکراون.
دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە 17ـی تشرینی دووەمی 2024 دەستیپێکرد، لە قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەویدا، نزیکەی 15 هەزار زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکران، لەقۆناخی دووەمدا 240 هەزار و 111 فەرمانبەر سوودمەند دەبن.
رۆژی 27ی ئاداری ساڵی 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.
ئەم هەواڵە لەلایەن عەلی هێرش ـەوە ئامادەکراوە.