مەنسوور بارزانی: نزیکەی 90%ی ئەو ئامانجانەی دەستنیشانکرابوون، جێبەجێکران
رووداو - هەولێر
مەنسوور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکان لەلایەن هێزی پێشمەرگە گوتی "نزیکەی 90%ی ئەو ئامانجانەی کە بۆمان دەستنیشانکرابوون، جێبەجێکران".
رۆژی یەکشەممە 14-8-2016 مەنسوور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ی رادیۆ تەلەفزیۆنی رووداو گوتی "داعش توانای شەڕکردنی نەماوە و لە پاشەکشەدایە، توانیومانە نزیکەی 90%ی ئەو ئامانجانەی کە بۆمان دەستنیشانکرابوون جێبەجێی بکەین".
مەنسوور بارزانی، لەبارەی بایەخی ستراتیژی ئەو 10 گوندەی کە پێشمەرگە دەیەوێت بە تەواوی کۆنتڕۆڵیان بکاتەوە گوتی "ئەو گوندانەی کۆنتڕۆڵمانکردووەتەوە و ئەوەیشی کەماوە، بایەخەکەی ئەوەیە کە دوای ئەوەی ئێمە بەتەواوی کۆنتڕۆڵمانکردەوە خەڵکی ئەو ناوچانە کە بەهۆی هێرشەکانی داعش ناوچەکانیان چۆڵکردووە دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان".
سەبارەت بە ورەی چەکدارانی داعش مەنسوور بارزانی، گوتی " ورەی داعش بە تەواوی رووخاوە و وەک پێشووتر ناتوانن بەرگری بکەن و توانایان نەماوە".
گوتیشی " ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمڕۆ هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجامیاندا دوو ئامانجی زۆر گرنگی هەبوو، یەکێکیان ئەوە بوو کە پردی ناحیەی گوێڕ کەوتە دەست هێزی پێشمەرگە و هەروەها ئەو گوندانەشی کە کۆنتڕۆڵکراوەتە و ئێستا هێزی پێشمەرگەی لێیە، خەڵکەکەکەی جارێکی دیکە دەتوانێت بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان و دریژە بە ژیانی خۆیان بدەن".
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەنسوور بارزانی، لەبارەی رێژەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی کوردستان و خاکی باشووری کوردستان گوتی " من نازانم بە شێوەیەکی گشتی ئەو ناوچەیە سەدا چەندی کۆنتڕۆڵکراوەتەوە، بەڵام رێژەیەکی کەم ماوە و ئەگەر مەسعود بارزانی، فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەمرمان پێبکات بەتەواوی ناوچەکە کۆنتڕۆڵدەکەیەنەوە".
فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان سەبارەت بە گرنگی ئۆپەراسیۆنەکە گوتی "گرنگی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەوەیە کە داعش جارێکی دیکە ناتوانێت ترس لە دڵی خەڵکی ناوچەکەدا دروستبکات".
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 14-8-2016 هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەرەكانی خازر و گوێڕ-مەخموور ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی 10 گوند دەستپێكرد، تاوەكو ئێستاش نۆ گوندیان كۆنترۆڵكردووەتەوە.