یادی کۆمەڵکوژییەکەی گرعوزێر و سیبا شێخ خدر دەکرێتەوە

رووداو - شنگال

کوردانی ئێزدی یادی کۆمەڵکوژییەکەی گرعوزێر و سیبا شێخ خدر دەکەنەوە، کە لەو رۆژەدا بەهۆی چوار تەقینەوە، زیاتر لە 300 کەس شەهید بوون و زیاتر لە 500 کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆ، 12 ساڵ بەسەر تەقینەوەکانی ناحیەی گرعوزێر و کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر تێپەڕدەبێت، کە کوردانی ئێزدی ئەو کارەساتە بە فەرمانی 73 دەناسێنن.

لە کاژێر 07:00ـی ئێوارەی رۆژی 14-8-2007، سێ بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لەنێو ناحیەی گرعوزێر و سیبا شێخ خدر تەقینەوە، بەهۆیانەوە 312 کەس شەهید بوون و، زیاتر لە 500 کەسیش بریندار بوون، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 70 کەس لەو رووداوە بێسەروشوێنن، کە هەموویان خەڵکی ناحیەی گرعوزێر و کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر بوون.

بۆ رێزگرتن لە گیانی قوربانییەکانیان، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ کەسوکاری قوربانیان لە شوێنی رووداوەکە چەند خولەکێک بەبێ دەنگی بووەستن و یادی ئەو رۆژە بکەنەوە. 

لەدوای ئەو کارەساتەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات، حکومەتی هەرێمی کوردستان قوربانییانی ئەو رووداوەی بە شەهید ئەژمار کرد، بەڵام لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تاوەکو ئێستا وەکو شەهید قبووڵ نەکراون.