کارەبای سلێمانی: 301 هەزار پێوەری زیرەكی كارەبا بەستراون


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، تاوەکو ئێستا 301 هەزار پێوەری زیرەكی كارەبا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەستراون و ئاماژە بەوەش دەکات کە هەر کەسێک دەستکاری پێوەری زیرەک بکات رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
 
سالار حوسامەدین، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا پێوەری زیرەک بۆ 50٪ـی هاوبەشانی کارەبا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەستراوە. بەستنی پێوەری زیرەک بۆ زۆربەی گەڕەکەکانی نێوشار تەواو بووە، تەنیا نێو بازاڕ و شارەکانی کەرتی تایبەت ماوە".
 
سالار حوسامەدین گوتیشی، لە نێو سەنتەری پارێزگای سلێمانی 220 هەزار پێوەری زیرەک بەستراون و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو تەواوی هاوبەشانی کارەبا کار بە پێوەری زیرەک دەکەن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی گوتی، "پێوەرەکان بە جۆرێک دروستکراون کە کەس ناتوانێت دەستکارییان بکات"، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە ئه‌و كه‌سانه‌ی کاری كاره‌بایی ده‌كه‌ن و په‌یژه‌یان هەیە، دەکرێت لە سەرووی پێوەرەکەوە و بەشێوەی چەتاڵ دەستکاریی کارەبا بكەن و کارەبا وەربگرن، بەڵام ئەو کەسانەش رووبه‌ڕووى یاسا دەکرێنەوە.
 
سالار حوسامەدین راشیگەیاند، ماوەی دوو هەفتەیە رۆژانە نزیکەی 14 کاژێر کارەبا بە هاونیشتمانییان دەدرێت.
 
بەردەوامیی بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا لە کاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کارەبا تاوتوێی ئەوە دەکەن کە دابەشکردنی کارەبا بدەنە کەرتی تایبەت؛ ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی هاونیشتمانیان لەوە بترسن کە کرێی کارەبا زیاد بکرێت.
 
کامیل قەزاز، بریکاری وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیراندا قسە لەسەر ئەوە دەکەن کارەبا بدەنە کەرتی تایبەت و گوتی: "کەرتی تایبەت سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت بەو مەرجەی نرخی کارەبا لەسەر هاووڵاتی زیاد نەکرێت و بە نرخی ئەمڕۆ پارەی لێ وەربگیردرێت و 24 کاژێر کارەباشی هەبێت. ئێمە خۆشمان بەسەر ئەو کەرتەوە چاودێر دەبین. کەرتی تایبەت و وەزارەتی کارەباش ناتوانن نرخ زیادبکەن و ئەوە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیراندایە."
 
بریکاری وەزیری کارەبا گوتی: "هاووڵاتییان مافی خۆیانە ئەگەر لە پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت دڵەڕاوکێیان هەبێت لەبەرئەوەی زۆربەی ئەزموونەکانی پێشووی کەرتی تایبەت لای ئێمە سەرکەوتوو نەبوون. ئێمە کارمان بۆ ئەوە کردووە دابەشکردنی کارەبا بدەینە کەرتی تایبەت و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەین، ئەوە نییە کە دابێتمانە کەرتی تایبەت."