رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی زانکۆی سەلاحەدین لە رێگەی راپرسییەوە بۆچوونی خوێندکارانی لەسەر یەکپۆشی وەرگرت، بڕیاریدا سیستەمی یەکپۆشی بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 جێبەجێ بکرێت، زانکۆی سلێمانیش تاوتوێی ئەو بڕیارە دەکات و بەشێوەی ئۆنلاین راپرسییەکی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بۆچوونی خوێندکاران لەبارەی یەکپۆشی بزانێت. هەر یەکە لە زانکۆکانی دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان و چەرموو لەو بارەیەوە چاوەڕوانی ئەنجوومەنی زانکۆکانیان دەکەن.
لە بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)ی تۆڕی میدیایی رووداو کە کاژێر 21:00ی رۆژی یەکشەممە 14-08-2022، پەخشکرا، لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بڕیاری یەکپۆشی لە زانکۆکان و سوود و زیانەکانی و پێویستی زانکۆکان بەو گۆڕانکارییانەی کە پێویستن، بە ئامادەبوونی هەریەک لە د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، هاوڕێ تۆفیق، پارێزەر، موسلیم عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، تەڵعەت تاهیر، یاریدەدەری راگری کۆلێژی زمان لە زانکۆی سەلاحەدین، د.مهاباد کامیل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، د.ئومێد رەفیق، سەرۆکی زانکۆی جیهان – سلێمانی، د.توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پرۆفیسۆر د.ئاری عادل، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک تاوتوێکرا.
لەنێو بەرنامەکەدا رەنج سەنگاوی، پەیوەندی بە د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد و لە رێگەی تەلەفۆنەوە بەشداریی بەرنامەکەی کرد و بۆچوونی خۆی وەکو د.ئارام محەممەد نەک وەک وەزیری خوێندنی باڵا خستەڕوو و گوتی: "من لەگەڵ ئەوەم زانکۆکان 100٪ سەربەخۆ بن لە هەموو بڕیارێکی دەرەوەی خۆیان و سەپاندنی هەر ئیرادەیەک و بڕینی دەستی حیزب و هەر رێنماییەکی لابەلا.. بۆ ئەوەی رێز لەو پرەنسیپە بگرم و بۆ ئەوەی بتوانم لە شوێنانی دیکەش دەنگم زوڵاڵ بێت و بەرگری لەو پرەنسیپە بکەم، من تەدەخولی ئەو ئیشەم نەکرد".
بە گوتەی خۆی ئەو وەکو دکتۆر ئارام لەگەڵ بڕیاری یەکپۆشی نییە، بەڵام رێزیش لە ئیرادەی زانکۆی سەلاحەدین دەگرێت و دەڵێت: "ئەگەر وەکو دکتۆر ئارام قسەت بۆ بکەم خۆم لەگەڵی نیم، چونکە پێموایە هەموو یەکڕەنگکردنێک حوکمی رەهای تێدایە، واتە پەراوێزێک بۆ ئازادیی مرۆڤەکان ناهێڵێتەوە، لە بەرامبەردا ئەمە ئیرادەی زانکۆیە و من مولزەم و مەحکومم بەوەی رێز لە ئیرادەی زانکۆی سەلاحەدین بگرم".
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەو بڕوایەدا نییە ئەو بڕیارەی زانکۆی سەلاحەدین سەرکەوتوو بێت و دەڵێت: "داوای لێبووردن لە د.کامەران و زانکۆی سەلاحەدین دەکەم، من پێموانییە سەرکەوتوو بێت، ئەگەر ئامانجەکانی بنەبڕکردنی هەژاریی بێت؟ ئەمە ئیشی زانکۆ نییە".
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژە بەوەش دەدات ئەگەر بێتوو ئەو بابەتە بێتە نێو ئەنجوومەنی زانکۆ "بە دڵنیاییەوە خۆم دەنگی پێنادەم، چونکە پیاوێکم بڕوام بە لایەنی کەمیی ئازادیی مرۆڤ هەیە".
بە بڕوای د.ئارام محەممەد بڕیاری یەکپۆشی "رەنگە لە رووی سایکۆلۆژییەوە سوودێک بگەیێنێت بە ئارامکردنەوەی دەروونی هەندێک لە قوتابی کە بەهۆی بارودۆخی ژیان و گوزەران و ئابوورییانەوە وابکات هەندێکجار هەست بە پەراوێزخستن بکات، بەڵام بەها و ئامانجەکانی زانکۆ ئەمانە نین، ئامانجی زانکۆ ئەوەیە توانایی و کارامەیی دروست بکات و بازاڕ پڕ بکاتەوە".
د.کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین باسی لە هەنگاوەکانی کارکردنی لە دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی زانکۆ کرد و بە گوتەی خۆی دوای ئەوەی سەردانی گشت کۆلێژەکان و بەشە ناوخۆییەکانی کردووە "هەستم بە جیاوازییەکی زۆری چینایەتی کرد لە رووی دارایی قوتابییان".
کامەران یونس، وەک خۆی ئاماژەی پێدەدات دوای ئەو سەردانانەی کردوویەتی بیرۆکەی یەکپۆشی بۆ هاتووە و ئەو پرسەی لەگەڵ ئەنجوومەنی زانکۆ باسکردووە و ئەوانیش "بە پەسندیان زانی، ئەو بیرۆکەیەمان کردە و راسپاردە، پاشان کردمانە راپرسی بە شێوەی ئۆنلاین بۆ ماوەی یەک هەفتە. لە راپرسییەکە 11 هەزار و 450 قوتابی بەشدارییان کرد، 70.6٪ بە بەڵێ دەنگیدا".
لەبارەی لایەنە ئەرێنییەکانی ئەو بڕیارە و هۆکاری بڕیاردان لەسەر یەکپۆشی، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین یەکپۆشی بە "ناسنامەی قوتابیی زانکۆ" دادەنێت و دەڵێت: "سوودی کۆمەڵایەتی زۆرە، هاوسەنگی دەروونی لەنێوان قوتابییان رادەگرێت، سوودی ئابووریی زۆرە".
د. کامەران یونس، ئاماژە بەوە دەدات دوای دەرکردنی بڕیاری یەکپۆشی "چەندین بنەماڵەی قوتابییان پەیوەندییان پێوەکردین و دەستخۆشییان لێمان کردووە، ئەگەر راپرسی لەنێو بنەماڵەی قوتابییان بکەین، دڵنیاین 100٪ لەگەڵ بڕیاری یەکپۆشین".
بە گوتەی د.کامەران یونس، ئەوە لە میانی ئەو بڕیارەیان رووبەڕووی گلەیی بووبێتنەوە "لەسەر رەنگەکەیە، بۆ ئەو مەبەستە فۆرمێک بەسەر قوتابییان دابەش دەکەین بۆ هەڵبژاردنی رەنگەکە، ئەو قوتابییانەشی کە توانای کڕینی جلەکانیان نییە، ئێمە وەکو سەرۆکایەتیی زانکۆی سەلاحەدین بۆیان دابین دەکەین".
سەبارەت بە کاری لەپێشینەیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەموکوڕی و گلەییانەی قوتابییان و خوێندکارانی زانکۆ لە کوالێتیی باڵەخانەی زانکۆکان و پێداویستیی تاقیگەکان و ئەو جیاوازییەی لەنێوان زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان هەیانە، لەبری پرسی یەکپۆشی، د.کامەران یونس گوتی: "بە خۆشحاڵییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا، خودی جەنابی وەزیر توانی 70٪ی داهاتی زانکۆکان بۆ زانکۆکان بگەڕێتەوە. لە 2ی 2 تاوەکو ئەمڕۆ، 3 ملیار و 500 ملیۆن دینار لە زانکۆی سەلاحەدین بۆ نۆژەنکردنەوەی تاقیگەکان و هۆڵەکان، بۆ کڕینی ئامێر و پێداویستییەکان بۆ هەر کۆلێژێک خەرجکراوە، تەنیا کۆلێژی زانست لە زانکۆی سەلاحەدین ئەمساڵ بە بڕی 800 ملیۆن دینار ئامێری بۆ کڕاوە، بەڵام زانکۆی سەلاحەدین زانکۆیەکی بچووک نییە. کێشەی زانکۆی سەلاحەدین نەبوونی کەمپە، کۆنی بینایەکانیەتی".
موسلیم عەبدوڵڵا، کە جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە لە پەرلەمانی کوردستان، هەر لە سەرەتای قسەکانییەوە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو وەکو موسلیم قسە دەکات نەک جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، هۆکاری ئەوەشی گەڕانەوە بۆ ئەوەی دەکرێت "بۆچوونی جیاواز" لەنێو لیژنەکەیاندا هەبێت و گوتیشی: "تاوەکو ئێستا لیژنەکەی ئێمە کۆنەبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە".
موسلیم عەبدوڵڵا، پێیوایە "بنەمایەکی ئازادی هەیە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، زانکۆکان ئازادن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگەی زانکۆکە و دەتوانن بڕیار لەوە بدەن چارەنووسی زانکۆکە بە چ ئاراستەیەک بڕوات. پێموایە نابێت ئاوا بە رووکەشی سەیری بڕیارەکە بکەین، بڕیارێکی بوێرانە و پڕ قازانج و بایەخە لە بەرژەوەندیی قوتابی خۆیەتی".
بە بڕوای موسلیم عەبدوڵڵا، کاتێک قوتابی دێتە نێو زانکۆ "ئەرکێکی هەیە دێت بۆ خوێندن، حەرەمی زانکۆ رێسا و یاسای خۆی هەیە و دەبێت لەسەر قوتابی جێبەجێی بکات، دەبێت قوتابی حەرەمی زانکۆ جیا بکاتەوە لە مۆڵ و بازاڕ و شوێنێک و فەرمانگەیەک".
موسلیم عەبدوڵڵا پێشیوایە بڕیاری یەکپۆشی باری دەروونی قوتابی ئاسوودە دەکات و خەمی ئەوەی نابێت ئەو جلەی ئەمڕۆ پۆشیویەتی بەیانیش بیپۆشێتەوە و بە تایبەت بۆ کچان و نموونەیەک دەهێنێتەوە کە لەگەڵ قوتابییەک قسەی کردووە و دەڵێت: "لەگەڵ قوتابییەک قسەم کرد، قوتابییەکە دەیگوت باری داراییم زۆر خراپ بوو، بەڵام بەهۆی گوشاری دەوروبەرم پێم شەرم بووە هەموو رۆژێک یان دوو رۆژ جارێک جلەکەم وەکو یەک بێت، چونکە تانە و تەشەری قوتابیانی دەوروبەرم هاتووەتە سەر".
بە گوتەی موسلیم عەبدوڵڵا، "بەشێک لە زانکۆکان بووەتە شوێنی نمایشی جلوبەرگ کە ناشایستەیە بە خوێندن و زانست، ناشایستەیە بە کولتووری کۆمەڵگە، دوورە لە بەها کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان".
بە بڕوای هاوڕێ تۆفیق، پارێزەر، "کاری زانکۆ چارەسەرکردنی هەژاری و دەوڵەمەندی نییە، دامەزراوەیەکی ئایدیۆلۆژی نییە، بەڵکو دامەزراوەیەکی زانستییە و کاری ئەوەیە کێشەکانی کۆمەڵگە چارەسەر بکات".
بۆ چارەسەرکردنی جیاوازیی هەژاری و دەوڵەمەندی، هاوڕێ تۆفیق دەڵێت: "نیویۆرک کە پایتەختی سەرمایەداری لە دونیادا، دەوڵەت پشتیوانیی خوێندکارەکان دەکات بۆ جیاوازیی هەژاری و دەوڵەمەندی ئەگەر تۆ بچیت کارتێک بکڕی بۆ هۆکارەکانی گواستنەوە بۆ پاس و شەمەندەفەر، لەبەر ئەوەی خوێندکاری دەوڵەت بە هەرزانترت پێ دەفرۆشێ، گوێ بەوە نادەن تۆ ملیۆنێری یان هەژاری.. مادام خوێندکاری لە هەموو وڵاتە سەرمایەدارییەکان لە ئەوروپاش مادام خوێندکاری کارتی گواستنەوە بۆ تۆ هەرزانە. بانکەکان قەرز بە خوێندکار دەدەن بۆ ئەوەی سپۆنسەرت بکەن، زانکۆ بەم شێوەیە ناتوانێت چارەسەری هەژاری بکات".
هاوڕێ تۆفیق ئاماژە بەوە دەدات کە لە باشترین زانکۆکانی دونیادا، سیستەمی یەکپۆشی پەیڕەو ناکرێت و پێیوایە: "لە نێوان چارەسەرکردنی و هەژاری و یەکپۆشی پەیوەندییەک نییە.. یەکپۆشی تاقیکراوەتەوە، ئەوانەی کە نەوەی ساڵانی هەشتایەکانن لە هەموو عێراق سیستەمی یەکپۆشی پەیڕەو دەکرا، بەڵام ئێستا یەک زانکۆ نەماوە یەکپۆش بێت".
د.توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەبارەی بڕیارەکە و ئەنجامی ئەو راپرسییەی کە کراوە دەڵێت: "ئێمە رێز لە بۆچوونی هەردوولا دەگرین، بەڵام ئەمە زانکۆیەک کردوویەتی نەک وەزارەت، ئەگەر ئەو بابەتە ئەوەندە گرنگ بووایە بەلای ئێمەوە، ئەو کاتە دەمانبردە ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و لەوێ بڕیارمان لەبارەوە دەدا.. سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ئەندامێکی ئەو ئەنجوومەنەیە، بڕیارێکی داوە، با لێبگەڕێین بزانین لێکەوتەکەی چی دەبێت، بۆ راستەخۆ بڵێین خراپە یان باشە".
تەڵعەت تاهیر، یاریدەدەری راگری کۆلێژی زمان لە زانکۆی سەلاحەدین، پێیوایە "یەکپۆشی جیاوازیی چینایەتی کەمناکاتەوە".
ئەو دەڵێت: "ئەگەرچی مەودای ئازادی و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بەو راددەیە نییە کە بەراوردی بکەین بە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی و رۆژئاوایی، بەڵام مەودایەک هەیە بۆ ئازادی و دیموکراسی.. ئێمە نامانەوێت بگەڕێینەوە".
یاریدەدەری راگری کۆلێژی زمان لە زانکۆی سەلاحەدین دەشڵێت: "من ترسم لە بوونی ئیسلامیی سیاسی هەیە ئەو بابەتە بقۆزێتەوە بۆ چەمکەکانی دیکە بۆ پاڵاپۆشی ناچاری، بۆ ئەوەی زانکۆکان ببنە بەشێک لە ململانێ ئایدیۆلۆژییەکان".