رووداو دوو خەڵاتی دیکەی جیهانی دەباتەوە


تۆڕی میدیایی رووداو، بۆ ساڵی سێیەم بە دوای یەک دەبێتە براوەی خەڵاتی نێودەوڵەتیی ستیڤی و سەرکەوتنێکی دیکە لەسەر ئاستی جیهاندا تۆمار دەکات، بەرنامەی 'هێشتا ماویەتی' خەڵاتی زێڕین و بێستوون عوسمان وەک پێشکێشکاری بەرنامەکانی 'بێستوون تۆک' و پاشیڤ خەڵاتی زیوینی پێبەخشرا.
 
خەڵاتی نێودەوڵەتیی ستیڤی لە ساڵی 2002ەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دامەزراوە و ساڵانە باشترینەکانی ئینتەرنێت دەستنیشان دەکات. ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ لە لیشبۆنی پایتەختی پۆرتوگال براوەکانی ستیڤی لەسەرانسەری جیهان خەڵات دەکرێن. ئەم ساڵ کارەکانی رووداو لە نێوان 3800 بەرهەم و کاردا هەڵبژێردراون، کە لە 78 وڵاتی جیاواز لە کێبڕکێی بردنەوەی ستیڤی بوون. بەرنامەی (هێشتا ماویەتی)ی رووداو، کە لەلایەن رۆژنامەڤانی بەتوانا هیڤیدار ئەحمەد پێشکێش دەکرێت، وەک باشترین بەرنامە لە بواری هەواڵ و سیاسەت دەستنیشانکراوە و خەڵاتی زێڕین بەدەست دەهێنێت. 
 
(هێشتا ماویەتی)، بەرنامەیەکی مەیدانیی تۆڕی میدیایی رووداوە، کە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر کێشە هەرێمییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاڵنگارییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات. ئەم بەرنامەیەی خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە، تایبەت بوو بە سووریای دوای ئەسەد، لیژنەی دادوەری سەبارەت بە بەرنامەکە دەڵێن "ئەم بەرهەمە نموونەی چیرۆکگێڕانەوەیەکی ئازایانەیە لە ناوچەیەکدا، شایەنی رێزلێنانە، چ بۆ دەستڕاگەیشتنەکەی و چ بۆ قووڵیی گێڕانەوەکەی."  
 
سەبارەت بە چوونی تیمی بەرنامەکە بۆ دیمەشق و بەرنامەی ئەسەد لە ناوەوە رووخا بە دیاریکراوی، ستیڤی دەڵێن "بەرهەمێکی رۆژنامەڤانیی بەهێز و لە کاتی خۆیدایە، کە بە ئازایەتییەوە ساتەوەختێکی ناسکی مێژووی هاوچەرخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تۆمارکردووە."
 
هەروەها پێشکێشکاری بەتوانای رووداو، بێستوون عوسمان وەک پێشەنگ لە کاریگەریی کۆمەڵایەتی لەلایەن ستیڤییەوە خەڵاتی زیوینی پێدەبەخشرێت. بەرنامەی بێستوون تۆک و پاشیڤی رووداو سەرنجی لیژنەی دادوەریی ستیڤی راکێشاوە و ئەنجامی دوو بەرنامەکە بۆ ستیڤی جێگەی بایەخبوون. 
 
ستیڤی سەبارەت بە بێستوون تۆک دەڵێت "یەکەمین بەرنامەی دیالۆگی مەدەنییە لە جۆری خۆیدا و گەنجان و سەرکردەکانی حکومەت لە عێراق پێکدەگەیێنێت". هەروەها دەڵێن "بەرنامە داهێنەرانەکانی بێستوون تۆک و پاشیڤ، رێچکەیەکی نوێ لە بەشداریپێکردنی گەنجان و کاریگەریی کۆمەڵایەتیدا دەشکێنن." 
 
رێباز عەلی، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت "شانازییەکی گەورەیە، کە دەبینین کارەکانی رووداو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خەڵاتیان پێدەدرێت. ئەم خەڵاتانە رێزلێنانە لە دڵسۆزی، داهێنان و ئازایەتیی رۆژنامەڤانان و تیمەکانمان، هەروەها پێگەی رووداو لەنێو دامەزراوە میدیاییە پێشەنگەکانی جیهاندا دەچەسپێنن."