شەهیدكردنی فەرەیدوون جوانڕۆیی لەسەر زاری دوو بنەماڵە دوژمندارەكە
رووداو ــ بەردەڕەش
كاتێك چووینە ماڵی لیوا نەزیر عاسم ئاغای گۆران لە ناحیەی دارەتووی سەر بە قەزای بەردەڕەش، لە دیوەخانەكەی كە پڕ بوو لە چەكدار پێشوازی لێكردین. سابیر سۆفی عەلی گۆرانیش لە قەزای خەبات لە دیوەخانەكەی بە هەمانشێوە پێشوازی لێكردین.
فەرەیدوون جوانڕۆیی كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و بەرپرسی میحوەری خازر بوو، بەپێی راگەیەنراوێكی پۆلیسی هەولێر، بووە قوربانیی ئەو دوژمندارییەی لە نێوان ئەو دوو كەسایەتییە (نەزیر و سابیر)دا هەیە.
فەرەیدوون جوانڕۆیی شەوی 25/8/2015 لە رووداوێكدا كە سەرەتا گوترا رووداوی هاتوچۆ بووە، لە دەروازەی قەزای خەبات گیانی لەدەستدا، بەڵام دواتر پۆلیسی هەولێر بڵاوی كردەوە كە لەلایەن پیاوانی سابیر سۆفی عەلی بە هەڵە تەقەی لێكراوە و وایانزانیوە دوژمنەكەیان (نەزیر عاسم)ە.
15 كەسیان لە یەكدی كوشتووە
سابیر سۆفی عەلی باسی دوژمنداریی خۆی لەگەڵ نەزیر عاسم كرد و گوتی "تاوەكو ئێستا 17 كەس لەنێوانماندا كوژراون، دوو كەسی بێلایەن و 6 كەسی بنەماڵەكەم، لەگەڵ 9 كەس لە بنەماڵەی نەزیر عاسم".
سابیر بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبوو قسە لەسەر رووداوەكەی 25/8 بكات و تەنیا گوتی "فەرەیدوون جوانڕۆیی هاوڕێیەكی زۆر نزیك و خۆشەویستم بوو، دوای رووداوەكەش پێنج لە پیاوەكانم: كوڕێكم، برایەكم، زاوایەكم و دوو كوڕە خاڵم لەسەر ئەو رووداوە دەستگیركراون".
كێشەی نێوان دوو بنەماڵەكە
سابیر سۆفی عەلی: بە چاوی خۆم نەزیرم بینی رەتلێك ئۆتۆمبێلی سەربازی بەدواوە بوو
لیوا نەزیر عاسم ئاغا گۆران باس لە دوژمنداریی خۆی و سابیر سۆفی عەلی دەكات و دەڵێت "سەرەتا كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لە نێوانماندا هەبوو، بە ئاقڵانە چارەسەر كرا، بەڵام پاش راپەڕینی ساڵی 1991 ئەوانە هاتنە ریزی هێزەكانی پێشمەرگە و ویستیان پلەكەیان بقۆزنەوە بۆ پەلاماردانی خەڵكی و زۆر كاری نایاساییان كرد لەگەڵ خەڵك، پاشان شەڕێك لە نێوانماندا روویدا، پێنج كەس لە ئێمە و سێ كەسیش لەوان كوژران".
وەك نەزیر باسی كرد، لە ساڵی 1994دا مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتووەتە نێوانیان و لە تەكیەی شێخ عەبدولعەزیز ئاشتبوونەتەوە و هیچ كێشەیەك لەنێوانیاندا نەما.
بەڵام سابیر سۆفی قسەیەكی دیكەی كرد و گوتی "ئەوان براكەمیان كوشت، ئێمەش 4 كەسمان لەوان كوشت و ئاشت بووینەوە، بەڵام لەو ئاشتبوونەوەیە عاسم ئاغا ئامادە نەبوو، بە ئاشتبوونەوەكەش رازی نەبوو. عاسم ئاغای باوكی نەزیر پاش ئاشتبوونەوەكە سێ پیاوی نارد بۆ ئەوەی من بكوژن، بەڵام لە بەردەڕەش دەستگیركران، بۆیە ئاشتەواییەكە سەری نەگرت".
ناكۆكیی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ گەیشتە لوتكە، كاتێك پیاوەكانی سابیر سۆفی عەلی برایەك و ئامۆزایەكی نەزیریان كوشت. نەزیر دەڵێت "ئەوانە ئاشتەواییەكەیان تێكدایەوە و لەوكاتەدا سابیر دەستگیر كرا، بەڵام دواتر ئازاد كرا".
كێشەكە بەردەوام بوو، رۆژی 5/3/2014 برایەكی نەزیر عاسم بەناوی لوقمان لە ناوچەی سێمێل لە دهۆك كوژرا. نەزیر دەڵێت "شایەتمان هەیە كە براكەم لەلایەن كوڕەكەی سابیرەوە كوژراوە".
بەڵام سابیر دەڵێت پێش ئەوەی لوقمان بكوژرێت، ئەوان ئامۆزایەكی بێ گوناهی ئەویان كوشت كە لە خەبات دوكاندار بوو. گوتیشی ئەوان بەهیچ شێوەیەك لوقمانیان نەكوشتووە "لوقمان پێشتر چەندین كەسی دیكەی كوشتبوو، دوژمندارییان لەگەڵ خەڵكی دیكەش هەبوو". بەڵام نەزیر دەیگوت ئەو تۆمەتبارانەی لوقمانیان شەهید كرد، فەرەیدوون جوانڕۆییشیان شەهید كرد".
كە جوانڕۆیی شەهیدكرا نەزیر لەكوێ بوو؟
نەزیر عاسم ئاغا: بنەماڵەی سابیر دڵنیابوون كە ئەو ئۆتۆمبێلە هی من نییە
لیوا نەزیر گوتی كە "كاك فەرەیدوون جوانڕۆیی شەهید كرا، من لە دارەتوو بووم. من كە لە ماڵەوە دەردەچم، سێ ئۆتۆمبێل پاسەوانم لەگەڵە. پێش ئەو رووداوە زیاتر لە مانگێك بوو سەردانی هەولێرم نەكردبوو. جگە لەوەش من لە هەموو ژیانمدا ئۆتۆمبێلی شیفرۆلێت تاهۆم نەبووە و ئۆتۆمبیلەكانی من لاندكرۆزەرن و مۆدیل كۆنن".
سەبارەت بە رێگای هاتوچۆكردنیشی گوتی "من زیاتر لە 15 ساڵە بە رێگای خەباتدا هاتوچۆ ناكەم، رێگای من قەندیلە و لەوێش بۆ پیرمام و ئینجا دەچم بۆ هەولێر". گوتیشی "كە ئامر لیواش بووم فیرقەمان لە مووسڵ بوو، بە رێگای گوێڕ و سەلامیەدا هاتوچۆم دەكرد".
بەڵام سابیر ئەو قسانەی نەزیر رەتدەكاتەوە و دەڵێت "بە چاوی خۆم نەزیرم بینی بە رەتلی سەربازی بە خەباتدا رەتبووە، جارێك لەگەڵ حوسێنی هەمزە سێوێ و جارێكیش لەگەڵ لیوایەكی پێشمەرگە بە خەباتدا رەتبووە".
نەزیر گومان دەخاتە سەر رووداوی شەهیدبوونی فەرەیدوون جوانڕۆیی و دەڵێت "ئەوان باش زانیویانە ئەو ئۆتۆمبێلەی شەهید فەرەیدوونی تێدابوو، ئۆتۆمبێلی من نەبوو، من خەڵكی دڵنیا دەكەمەوە كە ئەوان بۆ كوشتنی من تەقەیان لە شەهید فەرەیدوون نەكردووە". سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ فەرەیدوون جوانڕۆیی، نەزیر گوتی "من هیچ پەیوەندییەكم لەگەڵ ئەودا نەبوو".
"ئاشتەواییم دەوێت"
نەزیر لەبارەی ئاشتبوونەوەی لەگەڵ سابیر گوتی "من داوای مافی خۆم دەكەم بە یاسا، ئەگەر ئاشتبوونەوە بێت ئێمە پێشتر دووجار ئاشتبووینەوە، بەڵام ئەوان دووبارە هاتوون دەستڕێژیان لە ئێمە كردووە".
سابیر سۆفی عەلی ئاشكرای كرد كە بەر لە رووداوی شەهیدبوونی فەرەیدوون جوانڕۆیی، ئەوان بەنیازبوون ئاشت ببنەوە. سابیر گوتی "كاك سدیق ئەیوب گۆران و سەرداری ئەنوەر بەگی بێتواتە لەنێوانمان بوون بۆ ئەوەی ئاشت ببینەوە، بەڵام ماڵی كاك سەردار پرسەیان هەبوو، بۆیە كارەكان دواخران. دواتر نەزیر پەشیمان بووەوە".
سابیر ئامادەیی خۆی نیشاندا لەگەڵ نەزیر ئاشت ببێتەوە و گوتی "ئێمە خزمی یەكدین، 100 پیاویش لە یەكدی بكوژین هەر دەبێت ئاشت ببینەوە".
(رووداو) پەیوەندی بە بنەماڵەی فەرەیدوون جوانڕۆییەوە كرد، بەڵام ئامادە نەبوون قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەن و گوتیان قەزییەكەیان بۆ حیزب و حكومەت جێهێشتووە.
راگەیەنراوی پۆلیسی هەولێر لەبارەی رووداوەكە
ئۆتۆمبێلەکەی فەرەیدوون جوانڕۆبی لەو شەوەی شەهیدكرا
دوای ئەوەی كاژێر 12:39 خولەكی شەوی 25/8/2015 بەهۆی رووداوێكی هاتۆچۆوە لەسەر رێگای هەولێر خەبات، فەرماندە (فەرەیدوون جوانڕۆیی) و یەكێك لە پاسەوانەكانی شەهید دەبن و دوو پاسەوانی دیكەش زامدار دەبن كە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی درع خۆی پێداكێشابوون.
دوای كردنەوەی دۆسیەی لێكۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەی شایەتانی رووداوەكە و پشتبەستن بە كامێرای چاودیری نزیك لە شوێنی رووداوەكە، دەركەوت كە لە سەرەتای رووداوەكە ئۆتۆمبێلكی جۆری لاندگرۆز سپی بەدوای ئۆتۆمبێلی شەهید (فەرەیدوون جوانڕۆیی) دەبێت لە كاتی گەڕانەوەی بۆ میحوەری خازر كە ئۆتۆمبێلەكە دوای هەوڵدانێكی زۆر پێشیان لێدەگرێتەوە، كاتێك دەگاتە نزیك ئۆتۆمبێلی شەهید (فەرەیدوون) تاوانباران تەقەی لێدەكەن، ئینجا شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەی شەهید فەرەیدوون هەوڵدەدات بەهەر شێوەیەك بێت خۆی دەرباز بكات، بۆیە رێڕەوی ئۆتۆمبێلەكەی دەگۆڕێت.
لەهەمانكاتدا ئۆتۆمبێلێكی جۆری درعی سەربازی كە ئەویش هی تاوانبارەكانە رووبەڕوو خۆی پێدا دەكێشێت و لە ئاكامدا ئۆتۆمبێلی شەهید (فەرەیدوون) ئاگر دەگرێت و دەبێتە هۆی شەهیدبوونی.
دواتر توانرا تاوانبارەكان دەستنیشان بكرێن و دەستگیر بكرێن كە پێكهاتوون لە پێنچ كەس بەناوەكانی (ب.ع.م)، (ح.ع.م)، (م.ع.ا)، (ی.ع.ا) و (ن.ص.ب)، كە هەرپێنجیان سەر بە خانەوادەی (ص.ص.ع)ن و دوژمندارن لەگەڵ خانەوادەیەك بەناوی (ن.ع). بەپێی گوتەی خۆیان، وایانزانیوە دوژمنەكەیانە، بە گوللە هێرشیان كردووەتە سەر ئۆتۆمبێلی شەهید (فەرەیدوون جوانڕۆیی) و دواتر بە ئۆتۆمبێل خۆیان پێدا كێشاوە.
دوای وەرگرتنی گوتەیان هەر پێنجیان دانیان نا بە تاوانەكەیان. بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاری دا بە بەندكردنیان بەپێی ماددە 406 لە یاسای سزادانی عێراقی. ئێستاش تاوانبارەكان بەندن و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە بۆ گەیشتن بە سزای خۆیان.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر
6/9/2015