رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی رەتی دەکاتەوە فەرمانی دەستگیرکردنی دکتۆر میران محەممەد هەڵوەشابێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 14-09-2021 سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوەدەکات، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی میران محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کراون رەتنەکراونەتەوە و "دۆسیەکە بە هیچ شێوەیەک دانەخراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ دادگەی دەستپاكی بۆ تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان."
دوای تێپەڕینی نزیکەی 20 رۆژ بەسەر سەرهەڵدانی کێشە نێوخۆییەکانی نێو یەکێتی، بە تۆمەتی "سپیکردنەوەی چەکی پارە" فەرمانی دەستگیرکردن بۆ میران محەممەد دەرچوو، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە.
راگەیێندراوەکەی دادگەی تێهەڵچوونەوە دوای ئەوە دێت کە لە بەشێك لە پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە کە فەرمانی دەستگیرکردنی میران محەممەد هەڵوەشاوەتەوە.
دادگەی تێهەڵچوونەوە دەڵێت، "دادگە لە بڕیارەكانیدا سەربەخۆیی تەواوی هەیە و بەپێی یاسا و بە گوێرەی ئەو سكاڵا و بەڵگانەی دەخرێتە بەردەستی كار دەكات و لەسەر داوای هیچ كەسێك و لەخۆڕا دۆسیە ناكاتەوە و دۆسیە داناخات."
لە بەشێکی دیکەی رایگەیێندراوەکەدا هاتووە، "یاسا لە سەرووی هەموو لایەكە و دادگە ئیجرائاتی یاسایی خۆی دەكات بەبێ گوێدانە پلە و پایەی لایەنەكانی داوا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ