گرووپە چەکدارەکانی عەفرین و ئەعزاز لە دژی یەکدی هێز کۆدەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە نێوان عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و ئەعزاز لە باکووری رۆژئاوای سووریا، ئاڵۆزی دروستبووە و هێزەکان کەوتوونەتە ئامادەیی، هێزەکانی نزیکی تورکیا شەش تانکیان لەنێوان گوندی کەفر جەنە و مەشعەلە جێگیرکردووە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دەستەی تەحریری شامیش بەنیازە چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی بباتە عەفرین.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەتوون، گرژی و ئاڵۆزی لە دۆخی عەفرین و ئەعزاز لە باکووری رۆژئاوای سووریا دروستبووە، سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی ئەو دوو ناوچەیە کەوتوونەتە ئامادەییەوە و هێزەکانی تورکیا شەش تانکیان لە نێوان گوندەکانی کەفر جەنە و مەشعەلە جێگیرکرد، دەستەی تەحریری شامیش کە لەماوەکانی رابردوو هێزی خۆی بەناوی هۆزەکانەوە بردبووە منبج و جەرابلووس  بۆ شەڕکردن و لە دژی هێزەکانی هەسەدە خۆی ئامادە دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هێزانە کە نزیکەی 100 ئۆتۆمبێلی سەربازی دەبن.
 
زانیارییەکانی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون ئەوەیە، هێزەکان لە ترسی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان لەلایەن گرووپەکانی رکابەرەوە کەوتوونەتە ئامادەیی و بەهۆیەوە دۆخێکی ئەمنیی ناسەقامگیر دروست بووە.