ئاگرەکەی کالیفۆرنیا کارەبای 25 هەزار ماڵ دەبڕێت

رووداو دیجیتاڵ 
 
بەهۆی ئاگرەکەی کالیفۆرنیا زیاتر لە 43 هەزار دانیشتوو ماڵەکانیان جێهێشتووە و تاوەکو ئێستاش کارەبای 25 هەزار ماڵ لە 25 ناوچەی جیاوازەوە بڕدراوە. 
 
ئاگرەکەی کالیفۆرنیا بەردەوامە و تادێت لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون نزیکدەبێتەوە، رێگایەکی سەرەکییش لە باشووری کالیفۆرنیا بەهۆی ئاگرەکەوە کە بەهۆی بای بەهێزەوە خێراتر تەشەنە دەکات، داخراوە.
 
ئاگرەکە 54 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە ناوچەیەک سووتاندووە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە لە هەڵمەتی کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ئاگرەدا بەشداربوون، بەڵام توانیویانە تەنیا لە 5٪ی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.  
 
وێڕای ئەوەی ژمارەیەکی کەمی دانیشتووان لەم ناوچەیە دەژین، خەڵک ئاگادارکراونەتەوە بۆ ئەوەی هەرچی زووە ماڵەکانیان جێبهێڵن. بەرپرسانی ئاگرکوژاندنەوەش رایدەگەیێنن کە ئاگرەکە مەترسی بۆ سەر زیاتر لە 100 ماڵ، کێڵگە و باڵەخانە دروستکردووە. 
 
کاپتن دانیال بێتوسێلای، بەڕێوەبەری بەشی ئاگرکوژێنەوە لە ناوچەی سانتا باربارا دەڵێت "لەگەڵ بایەک کە بەخێرایی 60 بۆ 80 کیلۆمتەر لە کاژێرێکدا رێدەکات، وشکەساڵی تووند و بەرزونزمی زەویش هۆکارن بۆ ئەوەی نەتوانین بە ئاسانی ئەم باهۆزە ئاگرینە بکوژێنینەوە و کۆنتڕۆڵی بکەین." 
 
هاوکات لە باکووری کالیفۆرنیا ئاگرەکە رەهەندێکی دیکەی وەرگرتووە. 
 
ئاگرەکە گەشتووەتە نێو کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان و بووەتە هۆی سووتانی 25 ماڵ و 16 ڤانی گواستنەوە و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل. 
 
ئێستا کۆمپانیای کارەبا دەستیکردووە بە بڕینی کارەبای دەیان هەزار ماڵ لە 25 ناوچەی باکووری کالیفۆرنیا. ئەمەش وەکو خۆیان دەڵێن وەکو هەوڵێکە بۆ ئەوەی لە ئەگەری بەریەک کەوتنی تێلەکانی کارەبا بەهۆی باوە، رێگە لە کەوتنەوەی ئاگر بگرن.
 
میگن مەک فارلاند، گوتەبێژی کۆمپانیای پی جی ئیی کارەبا دەڵێت "کارەبای 25 هەزار ماڵمان لە 25 ناوچەی جیاوازەوە بڕیوە، دەکرێت دارەکان بکەونە سەر تێلی کارەبا و ئەگەر تێلەکان کارەبایابن تێدا بێت دەکرێت شۆرت دروستبێت. ئامانجی ئێمە لە بڕینی کارەبا بۆ ئەوەیە تاوەکو رێگە لە دروستبوونی کارەسات بگرین."
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە 7 هەزار و 883 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کالیفۆرنیا تۆمارکراون کە بوونەتە هۆی سووتانی زیاتر لە یەک ملیۆن هێکتار زەوی و 3 هەزار و 629 خانوو و باڵەخانەش بەهۆی ئاگرەکەوە سووتاون. 
 
تائێستا زیاتر لە 13 هەزار و 500 کەس بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە راسپێردراون؛ 7 کەس لە تیمی ئاگرکوژاندنەوە و دوو هاووڵاتیی سڤیلیش برینداربوون، هاوکات زیاتر لە 43 هەزار دانیشتووی کالیفۆرنیا ماڵەکانیان جێهێشتووە.