حەمەسوور دووشیوانی: کوڕەکەم رادەستی یاسا کراوە

 

رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد عوسمان عەزیز ناسراو بە حەمەسوور دووشیوانی، لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەکێتییە لە کەرکووک، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە کوڕێکی لە رووداوێکدا لە سلێمانی کارمەندێکی سێکیوریتی کوشت؛ محەممەد عوسمان دەڵێت، رووداوەکە پەیوەندی بەوەوە نییە کە کوڕەکەی کوڕی بەرپرس بووە، بەڵکو کوڕەکەی کەسێکی ئاساییە و خوێندکارە، بۆیە رادەستی یاساشی کردووە.
 
کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 14-10-2021، کارمەندێکی سێکیوریتی کە کاری پاراستن و پاسەوانیی دەروازە سیتی لە سلێمانی دەکرد لەلایەن کەسێکەوە بە گولـلە کوژرا، ئەو کەسەی تەقەی کردبوو بە گوتەی ئاسایشی سلێمانی ناوی (ب. م)ـە.
 
محەممەد عوسمان لەبارەی چۆنییەتی رووداوەکە بە هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداوی گوت، کارەکە پلان بۆداڕێژراو نەبووە، "شاندێک حکومەتی عێراق کە سەرپەرشتیی کاروباری هەڵبژاردنیان دەکرد هاتبوونە کەرکووک و لەوێشەوە دەبوو بچنە سلێمانی؛ بۆیە تەلەفۆنمان بۆ ئەم کوڕە کرد کە ناوی بە یارە تاوەکو ئاسانکارییان بۆ بکات و شوێن و خۆراکیان بۆ دابینبکات..ئەو تەلەفۆنەی ئێمە لەدوای کاژێر 12:00ـی شەو بووە و ئیدی ئاگامان لێی نەبووە تاوەکو ئەو کاتەی رووداوەکە روویداوە."
 
لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، لە شەوی رابردووەوە بەشوێن کوڕەکەیدا گەڕاون و رۆژی پێنجشەممە دۆزیویانەتەوە و گوتیشی، "پێش ئەوەی رادەستی یاسای بکەین، بە کەسوکاری خوالێخۆشبوو [ئەو کەسەی کوژراوە]ـمان گوت، بە دەست و قاچی بەستراوەوە بۆتانی دەهێنین، بەڵام رەتیانکردەوە و گوتیان دەبێت یاسا سەروەر بێت."
 
ئەو کەسەی کوژراوە، بە گوتەی محەممەد عوسمان، پەیوەندیی خزمایەتییان لەنێوان خێزانەکانیان هەیە. 
 
محەممەد عوسمان گوتیشی، "جێگەی داخە کە خەڵک دەڵێن کوڕە بەرپرسە، ئەمە کوڕە پێشمەرگەیەکە.. بەڵام کە منداڵێکی هەرزەکاری وا کە قۆناخی دووی پزیشکییە، کاتێک شتێکی وا روویداوە، ئەمە نە یەکەم حاڵەتە و نە دووەم حاڵەتە، خۆزگە کوڕەکەی من بکوژرایە و ئەو ماڵە هیچیان لێنەهاتایە، چونکە لە هەموو تەمەنمان بە درێژایی 40 ساڵ خەبات و پێشمەرگایەتی ئەمە یەکەمجارە شتێکی وامان بەسەرهاتبێت."
 
ئەو بەرپرسەی یەکێتی هەموو ئامادەییەکی نیشاندا بۆ ئەوەی بچنە بەردەم دادگە، گوتیشی، "ئەمە هەموو راستییەکە و جگە لەوە شتێکی دیکە نییە."
 
هەڤاڵ چۆن کوژرا؟ هاوڕێیەکی باسی دەکات
 
هاوڕێیەکی هەڤاڵ کە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی قسەی بۆ رووداو کرد، دەڵێت "وەکو رۆژانی ئاسایی کاری خۆمان دەکرد و هەڤاڵیش وەک ئێشکگر لەگەڵمان بوو؛ نزیکەی کاژێر 02:00ـی شەو بوو کە ئۆتۆمبێلێک بە خێرایی بەنێو پرۆژەکەدا تێپەڕی، شۆفێرەکە تەنیا نەبوو، بەڵکو چەند کەسێکی دیکەی لەگەڵ بوو."
 
بە گوتەی هاوڕێکەی هەڤاڵ، "لێمان پرسی بۆچی خێرا لێدەخوڕیت؟ هەم لەبەر سەلامەتیی خۆت هەم بۆ دانیشتووانی پرۆژەکە، بەڵام رۆیشت." ئەو شایەتحاڵە کە قسەی بۆ رووداو کرد لەبارەی چۆنییەتی کوشتنی هەڤاڵ گوتی، "دواتر شۆفێرەکە گەڕایەوە کە کوڕێکی نەوجەوان بوو، تەنانەت دانیشتووی ئەو پرۆژەیەی ئێمەش نەبوو. ماڵەکەی خۆی لە پرۆژەیەکی نزیک دەروازە سیتییە. شۆفێرەکە پێی گوتین کە 'دەبێت داوای لێبووردن بکەن، چونکە منتان لەبەردەم میوانەکانم شکاندووە؛ نازانن کوڕی کێم؟' ئێمەش پێمان گوت 'هەقمان نییە کوڕی کێیت، کاکە، ببوورە، بەڵام لەبەر سەلامەتیی خۆت و دانیشتووانی ئێرە وامان گوتووە'."
 
دوای ئەو گفتوگۆیە هێشتا بەتەواوی روون نییە چی دیکە روویداوە، چونکە پۆلیسی سلێمانی ئامادەنەبوو لێدوان لەسەر ئەو رووداوە بدات، بەڵام هاوڕێکەی هەڤاڵ دەڵێت، هاووڵاتییەکە "بەوەش کۆڵی نەدا، دەمانچەی دەرهێنا و تەقەی کرد، دوو گولـلە بەر هەڤاڵ کەوت و دوای برینداربوونی گیانی لەدەستدا."
 
براکەی هەڤاڵ محەممەد دوای دەستگیرکردنی "تاوانباری سەرەکی" بە رووداوی گوت، "دەستخۆشی لە پۆلیس و ئاسایش دەکەم کە توانیویانە ئەو کەسە دەستگیربکەن و هیوادارین ببرێتە بەردەم دادگە و یاسا سەروەر بێت."
 
محەممەد عوسمانیش گوتی، دەبێت یاسا یەکلایی بکاتەوە کە رووداوەکە چۆن بووە و "من هیچ وردەکارییەکم لەلا نییە و هەر دۆزیمانەوە یەکسەر رادەستی یاسامان کردووە.. خۆ بەقسەی من نابێت، لەبەر ئەوە یاسا هەرچییەکی گوت، دەبێت ئەوە جێبەجێ بکرێت."