قاوەی کوردی لە باکووری کوردستان خواستی زۆری لەسەرە
رووداو دیجیتاڵ
قاوەی کوردی لە ئامەد، مێردین و چەند شارێکی دیکەی باکووری کوردستان ویستی زۆری لەسەرە. ئەم جۆرە قاوەیە جیاوازە لەو قاوە قەزوانەی بە قاوەی کوردی دەناسرێت.
ئەو جۆرە قاوەیە تێکەڵەیەکی هاڕاوەی گوێز، بادام، خورما و بوندقی تێدایە. زۆربەی ئەوانەی قاوەی کوردی دەخۆنەوە، دەپرسن، لەکاتێکدا بێ شەکرە بۆچی شیرینە؟
هۆکاری شیرینییەکەی خورمایە.
ئێستا لە شوێنێکی ئامەد وەک بنکەیەکی سەرەکی ئەو بەرهەمە دەفرۆشرێ؛ هەروەها لە مێردین و چەند شارێکی دیکەی باکووری کوردستانیش دەفرۆشرێ.
فرۆشیارەکەی ئامەد ناوی عەلییە و دەڵێ، کاتێک تووشی شەکرە بووە، وازی لە چا هێناوە و ئەو جۆرە قاوەیەی بۆخۆی ئامادە کردووە، لە هەمان کاتدا زانیویەتی کەسانی نزیکیشی زۆر دەیخۆنەوە.
بەهۆی ئەوەی هیچ ناوێکی نەبووە، سەرەتا بەو قاوەیان گوتووە عەلی پرێسۆ و دواتر کە بینیویانە خواستی زۆری لەسەرە، ناوەکەیان بۆ قاوەی کوردی گۆڕیوە.
بە گوتەی خۆیان، لەو رۆژەوەی پێی دەڵێن قاوەی کوردی، خواست لەسەری دوو بەرامبەر بووە.
قاوەکە لە چەند شوێنێکی ئامەد دەفرۆشرێ، بەڵام بنکەی سەرەکییەکەی لە کۆڵانی منارەی چوارپایە؛ ئەو شوێنەی تاهیر ئەڵچی، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.