نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە دیدارەکەدا، جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کرایەوە و چەندین دۆسیەی گرنگ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەکە تاوتوێ کران.
هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر-بەغدا و هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، کرد.
هاوکات، داكۆکی لەسەر گرنگیی سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پاراستنی ئارامی و سەقامگیری وڵات و پتهوکردنی هاوکاریی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی عێراق کرایەوە.
تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بریتی بوو لە تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دوایین هەنگاوەکانی، هەروەها دۆخی سووریا و رێککەوتنی راگرتنی جەنگ لە غەززە، یان بریم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، ئامادەی بوو.
دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 2025/10/14، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.
لە دیدارێکدا داكۆکییان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و تیشکیان خستەسەر بوارەکانی هاریکاریی هاوبەشیان، هەروەها لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، بیروڕایان گۆڕیەوە.
هەردوولا لەسەر گرنگیی سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات، هەروەها پتهوکردنی هاریکاریی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی عێراق، هاوڕا بوون.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا کە بەڕێز یان برێم، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، ئامادەی بوو، بە بایەخەوە باسیان لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دواین هەنگاوەکانی کرد و دۆخی سووریا و رێککەوتنی راگرتنی شەڕیان لە غەززە، تاوتوێ کرد.