رووداو دیجیتاڵ
لە نێوان هەڵبژاردنەکانی 2021 بۆ 2023 دەنگی کورد لە ناوچە کوردنیشنەکانی پارێزگای دیالە زیاتر لە سێ هەزار زیادی کردووە.
38 بەربژێرى چوار لایەنى کوردستان رکابەرى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى دەنگى هاونیشتمانیانى کورد لەو سنوورە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کە بڕیارە لە 11ى شترینى دووەمى ئەم ساڵ بەڕێوەبچێ.
قەزاى خانەقین و ناوچە کوردستانیەکانى دیکەى دەوروبەرى جێگەى گرنگى ئەو لانە کوردستانیانەن بۆ بردنى کوردسی لەنێو ئەو 12 کورسیەى پشکى پارێزگاى دیالەن بۆ پەرلەمانى عێراق.
لە 2021 دا کورد 33 هەزار دەنگی بەدەستهێنا
لە هەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراق سێ لایەنی کوردستانی لە سنووری دیالە بەشدارییان کرد، بەربژێرانیان بەسەر هەردوو بازنەی چوار و دووی پارێزگاکەدا دابەش بوون کە زۆرترین دەنگدەرانی کوردی ئەو سنوورەی تێدا بوو.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە یەک بەربژێر لە بازنەی چوار بەشداریکردبوو کە سۆزان مەنسوورە و 21 هەزار و 722 دەنگی بەدەستهێنا.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە دوو بەربژێر بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا کردبوو، لە هەردوو بازنەی چوار و دوو بوون، جوان جاف 7355 دەنگی بەدەستهێنا و، هەروەها میرڤەت مەدللاوی کە دووەم بەربژێری پارتی بوو 1518 دەنگی بەدەستهێنا.
حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە بەربژێرێک لە بازنەی چوار بەشداری کردبوو، دەمتاوەند جەلیل 1507 دەنگی بەدەستهێناوە.
سێ بەربژێری دیکەی کورد وەکو سەربەخۆ بەشدارییان لەو هەڵبژاردنەدا کردبوو لە بازنەی چوار و بە هەرسێکیان 1073 دەنگیان بەدەستهێناوە، میدیا ئەکرەوازی 210 دەنگ، ئەمل دەلەوی 218 دەنگ، فریال زرگۆش 645 دەنگی بەدەستهێناوە.
لە نێو بەربژێرانی کورد لە دیالە تەنیا سۆزان مەنسوور، لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جێگەی بۆ پەرلەمانی عێراق بەدەستهێنا.
بە تێکڕای بەربژێرانی کورد لە دیالە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵی 2021، 33 هەزار و 175 دەنگیان بەدەستهێنا.
لە هەڵبژاردنی 2023دا کورد سێ هەزار دەنگی زیاد کرد
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی 2023، سێ لیستی کوردستانی بەشدارییان لەو هەڵبژاردنەدا کرد.
لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 28 هەزار و 648 دەنگی بەدەستهێناوە، پارتی دیموکراتی کوردستان 7772 دەنگی بەدەستهێناوە، پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان 423 دەنگی بەدەستهێناوە.
تێکڕای دەنگی لایەنە کوردستانییەکان لە دیالە 36 هەزار و 843 دەنگ بوون بەڵام تەنیا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مسۆگەر کرد.
بە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2021 ژمارەی دەنگی کورد لە دیالە بۆ هەڵبژاردنی 2023، سێ هەزار و 668 دەنگ زیادی کردووە.
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقى 15ى پارتى دیموکراتى کوردستان لە خانەقین بە رووداوى راگەیاند: زیادبوونى دەنگى کورد لە نێوان ئەو دوو هەڵبژاردنە پەیوەندارە بە گەڕانەوەى ئاورەکانى جەلەولا و خانەقین و باشبوونى گوزەرانیان کە لەسەر بەشداریکردنیان هەبووە لە دەنگدان.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نێوان ئەو دوو هەڵبژاردنەدا 6926 دەنگی زیاد کردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان 1101 دەنگ کەمی کردووە، پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان 1084 دەنگ کەمی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ