لەیلا زانا: سەردانی بارزانی بۆ ئامەد گرنگە

رووداو- DHA

لەلا زانا، ژنە سیاسەتمەداری کورد، سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ ئامەد بە "سەردانێکی گرنگ" وەسفکرد، کە کاریگەری بەسەر پێشخستنی پرۆسەی ئاشتییەوە دەبێت، لەم بارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات: "هیچ کەسێک بۆی نییە ئەو سەردانە بە بانگەشەی هەڵبژاردن دابنێ".

لەیلا زانا، ژنە سیاسەتمەداری کورد  لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی DHA، سەردانەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە گرنگ و مانادار وەسفکرد "ئەم سەردانە گرنگییەکی مێژوویی هەیە"، زانا هیواداریشە ئەم سەردانە کاریەگەری بخاتە سەر پڕۆسەی ئاشتی و "پێویست ناکات هیچ لایەنێک بە حساباتی بچووکەوە لەم پرسە بروانێ، دەبێ کوردەکان لەجیاتی دژایەتی،  یەکدی بناسن، بناسێنن و یەکدی تەواو بکەن".

لەیلا هەروەها ئاماژە بەوە دەکات: "ئەمە پەیامێکە بۆ هەموو لایەک، ئەگەر هەر کەسێک باس لە دیموکراسی دەکات، دەبێ لەخۆیەوە دەستپێبکات،  پێویست ناکات هیچ لایەک ئەم سەردانە بە پشتیوایکردن لە بانگەشەی  هەڵبژاردن بۆ پارتی داد و گەشەپێدان وەسف بکات، ئەوەی گرنگە و پێویستە بمێنێتەوە، پڕۆسەی ئاشتییە".

لەبارەی یاوەریکردنی شڤان پەروەر لەگەڵ بارزانی، لەیلا زانا گوتی: "هاتنی شڤان پەروەر پەیامی هەرەسهێنانی سیاسەتی 30 ساڵەی شەرانگێزییە، هیواخوازی ئەوەم و تەمەننا دەکەم ئەمە هەنگاوی یەکەم بێت و رێگە لەبەردەم هەنگاوی دیکەش بکاتەوە بۆ کەسانی دیکە، هەروەها هاتنی ئیبراهیم تاتڵیسێس-یش کاریگەریییەکی هونەری لەسەر پڕۆسەی ئاشتی دەبێت".