لە ساڵیادی سلێمانیدا دیداری نالی بەڕێوەچوو
رووداو - سلێمانی
کۆمەڵێک گەنج بە هاوکاری زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، لە یادی 232 ساڵەی بونیاتنانی سلێمانی، دیداری نالی-یان رێکخست.
سامان بەشارەتی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی ئاماجی دیدارەکە رایگەیاند، ئەمڕۆ 14-11-2016 یادی سلێمانییە، ساڵانی پێشوو لە یادی سلێمانیدا کۆمەڵیک چالاکی گرنگ دەکرا، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو قەیرانە سیاسیی و داراییەی هەیە، چالاکییەکان کەمبوونەتەوە.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، ژمارەیەك گەنج بە هاوکاری زانکۆی ئەمریکی دیبەیتێکیان لەبارەی ژیانی نالی رێكخستووە، بەو پێیەی نالی بە یەکێک لە رابەرەکانی شیعری کلاسیک ئەژمار دەکرێت.
هیوا قادر، نووسەر و شاعیر، لە میانەی بەشداری لە دیدارەکەدا لەبارەی ئامانجی دیدارەکە بە رووداوی راگەیاند "پێموایە هەموو کۆمەڵگەیەکی زیندوو، پایەکانی کە جێی شانازییە، دەبێت کلتوور بێت، وەکو ئەوەش گوترا هەر کاتێک باس لە سلێمانی دەکرێت، باس لە نالی دەکرێت".
هیوا قادر دەشڵێت "نالی یەکێکە لە رەمزە کلتوورییەکانی شاری سلێمانی و هەموو کورد، بۆیە گرنگیدان بە نالی گرینگیدانە بەو شوناسەی کە زمانی کوردی هەڵگریەتی، نالی لەسەردەمی خۆیدا ریسکێکی گەورەی کردووە، کە هاتووە بە کوردی نووسیویەتی، لە کاتێکدا توانیویەتی بە زمانەکانی فارسی و تورکیش بنووسێت".