حەسەن جیهاد: پێویستە بە زووترین کات شاندێک بچێتە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق رایدەگەیێنێت، پێویستە بە زووترین کات شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا و لەگەڵ حکومەت و لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراقدا کۆببنەوە و لە هۆکاری پشتگوێخستنی پرەنسیپی لێکتێگەیشتن و هاوسەنگی و هاوبەشی بکۆڵنەوە و رێککەوتن بکەن.
حەسەن جیهاد، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی هەوڵەکانی سەرۆککۆمارەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی پشکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەوڵەکانی سەرۆککۆمار بەردەوامن یەکەمجار لەگەڵ کورد لە بەغدا و لایەنە کوردییەکان، هاوکات لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنەکانی دیکەی عێراق پەیوەندیی بەردەوامی هەیە بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت و مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان وەکو مافێکی دەستووری بدرێتەوە و ئەو لاپەڕەیە دابخرێت."
حەسەن جیهاد بە پێویستی دەزانێت شاندی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات بچێتە بەغدا و لەسەر ئەو بابەتە رێکبکەون و "کە رێککەوتن، رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی متمانە دروست ببێت. لە مانگی داهاتووشدا کاتێک پرۆژەیاسای بودجە دێتە پەرلەمان، ئەو کاتە کەشی قسەکردن و گفتوگۆکردن لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر بودجە باشتر دەبێت لەو کەشەی کە ئێستا هەیە."
لەبارەی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان، حەسەن جیهاد گوتی، "لایەنە سیاسییەکان لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی سبەی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بکرێت لەگەڵ لایەنەکان پێشبینی دەکرێت لەو کۆبوونەوەیە بڕیار بدەن شاندێکیان بچێتە بەغدا و گفتوگۆ بکەن لەسەر ئەوەی روویدا و لەسەر ئەوەی لە داهاتوودا دێتە پێشەوە."
بەلای راوێژکارەکەی سەرۆککۆماری عێراقەوە ئەوەی گرنگە، پێویستە "بە زووترین کات شاندێک بچێتە بەغدا رێککەوتن لەگەڵ عێراقدا بکات و رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، چونکە 10 ساڵە ئێمە لە بودجەدا رێککەوتن دەکەین لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان چەند نەوت رادەست دەکات لە بەرامبەریشدا بەغدا پشکی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام بە داخەوە ئەو رێککەوتنانە جێبەجێ نەکراون."
بە بڕوای حەسەن جیهاد جگە لە ناردنی شاندێک بۆ بەغدا، "پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق کۆببنەوە. کۆبوونەوەکە چ لە بەغدابێت یان کوردستان، پێداچوونەوە بەو بابەتەدا بکەن و لەوە بکۆڵنەوە کە بۆچی ئێستا کار بە پرەنسیپی سازان و هاوسەنگی و هاوبەشی ناکرێت؟ کە ئەمە بەرەو ئاراستەیەکی خراپ دەمانبات."
حەسەن جیهاد پێیوایە "نەوت یەکێکە لە کێشەکانی نێوان ئێمە و بەغدا. لە سەردەمی رێژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە تاوەکو رووخانی سەدام نەوت بەڵایەکی گەورەبوو. پارەی نەوتی کەرکووک و خانەقین و دەوروبەری موسڵ دەدرا بە چک و تفاقی هێزەکانی عێراق و دەیاندا بەسەر خەڵکی کوردستاندا. ئەو نەوتەی کە ئێستا هەرێمی کوردستان دریدەهێنێت لە بری مایەی خۆشی و خۆشگوزەرانیی خەڵک، خەریکە دەبێتە کێشە. پێویستە هەرێمی کوردستان ئەو نەوتە وا بەکاربهێنێت ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و سەقامگیری و پەیوەندیی باشی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا."
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 2020/11/12، پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسندکرد. بەپێی یاساکە هیچ پشکێک لەو قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، هاوکات رادەستکردنی هیچ بڕە نەوتێکیش لەسەر هەرێمی کوردستان نەسەپێنراوە، بەڵکو دانراوە کۆمپانیای سۆمۆ دیاریبکات، بۆیە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بەپێویستیی دەزانن، هەرێمی کوردستان شاندێک بۆ گفتوگۆ بنێرێتە بەغدا، وەک ئەوان دەڵێن، ئەگەر پابەندبن بە نێوەڕۆکی یاسای قەرزەوە، دەتوانن لەجیاتی 320 ملیار دینار، زیاتریش وەربگرن.
دوای دەنگدان لەسەر پێنج ماددەی یەکەمی یاساکە (ماددەی یەکەم تاوەکو شەشەم، جگە لە ماددەی پێنجەم کە سڕایەوە)، مشتومڕ و دەمەقاڵێ لە نێوان ژمارەیەک نوێنەری کورد و نوێنەرانی شیعە دروست بوو، فراکسیۆنە کوردستانییەکان دانیشتنەکەیان بایکۆتکرد، دەنگدان لەسەر ماددەکانی دانیشتنەکە بەڕێوەچوو و یاساکە پەسندکرا.
بەپێی یاساکە، بڕی ئەو قەرزەی رێگەدراوە وەزیری دارایی عێراق لە نێوخۆ و دەرەوە بیکات، لە 41 تریلیۆن دینارەوە بۆ 12 تریلیۆن کەمکراوەتەوە، بەو مەرجەی 20%ی ئەو پارەیە بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان بێت، ھەرێمی کوردستانیش دەبێت چاوەڕێی رێککەوتنی نوێ بێت تاوەکو شایستە داراییەکانی پێبدرێت.
رۆژی پێنجشەممە 2020/11/12 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "نیگەرانیی و ناڕەزایی بەرامبەر تێپەڕاندنی ئەم یاسایە دەردەبڕین." هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ستەم لە خەڵکی کوردستان نەکرێت.
هەروەها بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی یاسای قەرز لە عێراق کە بەبێ رەزامەندیی کورد لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێندرا، رایگەیاند، "بهداخهوه ئهم یاسایه بێ رهچاوکردنی سازانی نیشتمانی، بهدیاریکراویش بهبێ خواستی کورد پهسندکرا و تێپهڕێندرا. ئهوەش بە پێشینهیهکی مهترسیداره لە کاری سیاسی عیراق ناودەبات."
سەرۆککۆماری عێراق تێپەڕاندنی یاساکە بەبێ "سازان" بە مەترسیدار ناو دەبات و پێیوایە دابینکردنی مووچەش بەبێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کورستان ناتەواو و نادەستوورییە.