قوباد تاڵە‌بانی: لە‌ ھیچ كە‌سێك قبووڵ ناكرێت زیادەڕۆیی ئە‌نجام بدات

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە‌ سلێمانی سە‌رپە‌رشتی كۆبوونە‌وە‌یە‌كی كرد کە تایبە‌ت بوو بە چارە‌سە‌ركردنی زیادەڕۆیی لە‌سە‌ر موڵك و ماڵی گشتی و رایگەیاند " لە ‌ھیچ كە‌سێك قبووڵ ناكرێت لە ‌ھە‌ر پلە‌ و پۆستێكدا بێت زیادەڕۆی ئە‌نجام بدات."
 
رۆژی یەکشەممە 14-11-2021 قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە‌ سلێمانی سە‌رپە‌رشتی كۆبوونە‌وە‌یە‌كی تایبە‌ت بە‌ چارە‌سە‌ركردنی زیادەڕۆیی لە‌سە‌ر موڵك و ماڵی گشتی كرد.
 
بەپێی راگەیێنراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، داوای ‌لە ‌لیژنە‌ی راسپێردراو كرد ھە‌موو توانای خۆیان بە‌كاربھێنن بۆ رێگریكردن لە‌ زیادەڕۆی نوێ.
 
هەر بەپێی راگەیێنراوەکە لە‌ كۆبوونە‌وە‌كە‌دا كە‌ لە‌گە‌ڵ لیژنە‌ی پێكھێنراو بۆ دیاریكردن و چارە‌سە‌ركردنی زیادەڕۆییە‌كانی سنووری سلێمانی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵە‌بانی "ستایشی ھە‌نگاوە‌كانی لیژنە‌كە‌ی كرد و جە‌ختیكردە‌وە‌ كە‌ دە‌سە‌ڵاتی تە‌واویان ھە‌یە‌ بۆ رێگریكردن و چارە‌سە‌ركردنی پرسی زیادەڕۆی لە‌ سنووری سلێمانی."
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هۆشداریی دەداتە ئەو کەسانەی کە زیادەڕۆیی دەکەن و دەشڵێت "لە ‌ھیچ كە‌سێك قبووڵ ناكرێت لە ‌ھە‌ر پلە‌ و پۆستێكدا بێت كە‌ زیادەڕۆیی ‌ئە‌نجام بدات یا رێگر بێت لە‌ راگرتنی زیادەڕۆیی لە‌سە‌ر موڵك و ماڵی گشتی."
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوای لە‌و لیژنە‌یەش كرد كە‌ لە‌ مانگی نیسانی ئە‌مساڵ پێكھێنراوە، "لە ‌ماوە‌یە‌كی دیاریكراودا ئە‌م دۆسییە‌یە‌ بە‌تە‌واوە‌تی چارە‌سە‌ر بكە‌ن و ماف بدرێت تە‌نھا بە‌خاوە‌ن ماف." 
 
نزار عەبدولغەفار، بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پەرلەمانی کوردستان پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو لە هەرێمی کوردستاندا 300-350 هەزار خانووی زێدەڕۆیی هەن و هەموارکردنەوەی یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆییەکان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندایە.
 
یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لە سنووری شارەوانییەكاندا زێدەڕۆییان كراوەتە سەر، یاسای ژماره‌ 3ـی ساڵى 2019، ماوەی 120 رۆژ بۆ دیاری کرابوو بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا مامەڵەی سکاڵای هاونیشتمانیان وەربگیرێت و دواتر خانووەکان تاپۆ بکرێن، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆ و نەبوونی دەوامی فەرمانگەکانی حکومەتەوە یاساکە کاتی بەسەرچوو. لە هەموارەکەدا ماوەی سێ ساڵ دیاریکراوە کە هاووڵاتیان داواکاری بۆ تاپۆکردن پێشکەش بکەن.
 
 
رۆژی 21ی مانگی رابردوو ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی رایگەیاند، بەپێی یاسای تاپۆکردنی زەوییە زێدەڕۆکان، ساڵێک دانراوە بۆ زێدەڕۆکار بۆئەوەی داواکاری پێشکێشی یەکە ئیدارییەکان بکات بۆ بەدواداچوون و دواتر تاپۆکردنی زەوییەکەی بە مەرجی ئەوەی پێچەوانەی ماستەرپلان و ئەو رێکارانە نەبێت کە لە سنووری شارەوانییەکان پیادە دەکرێت.

قایمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، لەناو سلێمانی و سنووری ناحیەکان زێدەڕۆکار دەبێت لە 09-09-2021 تاوەکو 09-09-2022 داواکارییەکەی پێشکێشی یەکە ئیدارییەکان بکات.